چاوەڕوانی باشتربوونی بارودۆخی ژیانی ژنان لە سیستمی سیاسی دەسەڵاتدار بێسوودە

"من حەزم لە کاری فرۆشیاری سەر شەقام نیە، بەڵام باشترە لەوەی لە ژێر منەتی کەسێکدا بم، زۆر هەوڵمدا کارێک بۆ خۆم بدۆزمەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم".

ئاگرین حوسێنی

 

دیواندەرە- هیچ ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژنانی فرۆشیاری سەرشەقام نییە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام چاودێریکردنی بابەتەکان و ئەوەی بە چاو دەبینرێت دەریدەخەن کە ژمارەی ئەم کەسانە لە زیادبووندان، ئەو ژنانەی کاری فرۆشیاری سەر شەقام ئەنجامدەدەن بەدەست چەندین گرفتەوە دەناڵێنن وەکو نەبوونی ئاسایش و نەبوونی شوێنێکی گونجاو بۆ فرۆشتنی کاڵا و سوکایەتی و خراپ مامەڵەکردن، هەرچەندە خەڵک و ڕێبواران بە بەزەییەوە سەیری ئەم کەسانە دەکەن و هەوڵ دەدەن کەلوپەلیان لێ بکڕن، بەڵام ئەم دیاردەیە وەک کێشەیەک سەیر ناکرێت بۆ ئەوەی وڵات بیر لە چارەسەر بکاتەوە.

 

دەستفرۆشی وێنەی باوی شەقامەکانی ئەمڕۆی کوردستانە کە بەخێرایی گەیشتووەتە شارە جیاوازەکان، لە شاری دیواندەرە پێشتر هیچ دەستفرۆشێکی ژن لە شەقامەکان نەبوو، بەڵام ئێستا ئەگەر بەناو شاردا بڕۆن ژنان دەبینین کە لە گۆشەی شەقامەکاندا بڵاوبوونەتەوە و سەرقاڵی فرۆشیارین.

 

داوای مۆڵەتم کرد بۆ ئەوەی گفتوگۆیەک لەگەڵ یەکێک لەو ژنانە بکەم کە لەگەڵ کوڕ و کچە بچووکەکەیدا بەرگی مۆبایلی ڕەنگاوڕەنگ دەفرۆشێت.

 

چۆن بڕیارت دا کاری فرۆشیاری سەر شەقام بکەیت؟

من ئەرکی سەرپەرشتیاری خێزانەکەمم لەسەر شانە، هاوسەرەکەم لە بەندەر "واتە یەکێک لە بەندەرەکانی باشووری وڵات" کاردەکات، منیش لەگەڵ کچە چوار ساڵانەکەم و کوڕە ١٥ ساڵانەکەمدام، ئێمە ڕۆژانە دێینە ئێرە و کۆشکەکانمان دادەنێین و من چەندین جۆری جیاوازی بەرگی مۆبایل دەفرۆشم.

 

ئایا ئەم کارە بەشی داهاتی تۆ دەکات؟ ئایا دەتوانێت بژێوی ژیانت دابین بکات؟

من هەموو بارگرانی پەیداکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەم لەسەر شانە، کرێی خانوو دەدەم، بۆ ئەوەش دەبێت هەموو ڕۆژێک لەگەڵ کچە چوار ساڵانەکەم و کوڕەکەم دێمە ئێرە، چونکە تەمەنی تەنها ١٥ ساڵە و دەترسم شتێکی بەسەردا بێت، بۆیە منیش بە هەمان شێوە یارمەتی دەدەم.

 

ئێمە هیچ داهاتێکمان نییە و لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری دیواندەرە لە خانوویەکی کرێدا دەژین، کچەکەم تەمەنی تەنها چوار ساڵە و دەبێت لەم کەشوهەوای سارد و باراناویەدا لەگەڵم بێت چونکە کەسمان نییە لەلای بەجێی بهێڵین.

 

زۆر هەوڵمدا کارێک بۆ خۆم بدۆزمەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم، ناچار بووم لە گۆشەی شەقامەکەدا کار بکەم، من حەزم لە کاری فرۆشیاری لەسەر شەقامەکان نییە، بەڵام باشترە لەوەی لە ژێر منەتی کەسێکدا بم.

 

پرسی فرۆشیاری سەر شەقامی ژنان بارودۆخی ئێستا نییە و مەودای کارکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جیاکارییە جێندەرییەی کە لە یاساکەدا جێبەجێ کراوە لە ڕێبازی حکومەت بۆ دامەزراندنی ژنان، چاوەڕوانی باشتربوونی بارودۆخی ژیانی ژنان و گروپە کەمدەرامەتەکان لە سیستمی سیاسیی دەسەڵاتدار بێ سوودە، ڕەنگە هەر لەبەر ئەم هۆکارانە بێت کە خەڵک تەنیا لە فراوانبوونی بەرخۆدان و درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکان چارەسەرەکە دەبینێت.