"ژیانی کۆمەڵایەتی ژن لە بێدەنگی خۆی تێدەپەڕێنێت و دەبێتە دەنگێک بۆ کۆمەڵگە"

ژنان ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕن لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکەیان، لە ڕۆڵی خۆیان لە گەڕەک یان گوندەکەیاندا، کە بە درێژایی مێژوو لەو ڕۆڵە بێبەش بووە.

سیلڤا ئیبراهیم

 

مەنبەج- ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕێگەی چەمکی کۆمین توانیان ڕۆڵی خۆیان کە لە سەردەمی کۆنەوە لێیان دزراوە بەدەستبهێننەوە، ئەمڕۆ کۆمەڵگە و گەڕەک و گوندەکەیان ڕێکدەخەن و نوێنەرایەتی بڕیار و بۆچوونەکانیان دەکەن لە ئەنجومەن و ئیدارەکانیان.

 

ئەو هێزە کۆمەڵایەتیەی کە ئێمە لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شاهیدی دەبین، بەهایەکی گەورەی بە ژیان بەخشیووە و بە جێبەجێکردنی چەمکی کۆمین پێگەی خۆی بەرزکردوەتەوە، کە دەکەوێتە ژێر پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکەوە و توانی کۆمەڵگە ڕێکبخات و چەمکی ناوەندگەرایی لەناوببات.

 

خۆ بەڕێوەبەری ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە بەهێز دەکات

لەسەر ئەم پرسە عوش محمد جاسم هاوسەرۆکی خۆبەڕێوەبری گەڕەکی "شەهید موسا الدوجی" ڕایگەیاند، ژن ئیرادەیەکی هەیە و دەتوانێت هەر ئەرکێک بخاتە ئەستۆی خۆی و لە بەدیهێنانی سەرکەوتوو بێت، جا چ لە ماڵەکەیدا بێت یان لە نێوان کۆمەڵگەکەی و تەنانەت کارەکانیشیدا، وتی، "پێش ئەوەی چەمکی کۆمین لە ڕێکخستنی کۆمەڵگەدا بچەسپێت، هیچ ڕەچاوکردنێک بۆ بۆچوونی ژنان نەبووە، لە بەرامبەردا هاوسەرۆکایەتی و خۆبەڕێوەبەری مافی هەردوو ڕەگەز لە ڕێکخستنی کۆمەڵگەدا دەستەبەر دەکات، بڕیاردان و خستنەڕووی بۆچوونەکان خزمەت بە ئەو کەسانە دەکەن کە نوێنەرایەتیان دەکەن، ژنان ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا وەرگرتەوە دوای ئەوەی بەرزبوونەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە کێشەکانی کۆمەڵگەکەیان چارەسەر دەکەن و پێداویستیەکانیان دابین دەکەن و بناغە دیموکراسییەکانیان بنیات دەنێن، ئەمەش ئەو چەمکەیان شکاند کە ژن ناتوانێت نوێنەرایەتی ناسنامەی خۆی بکات و تیشک بخاتە سەر ئەرکەکانی لە نێو کۆمەڵگە."

 

کۆمین بریتیە لە کۆمەڵێک کەسی ناو گەڕەک یان گوند کە کاروباری ژیانی بەڕێوە دەبەن و لە هەموو بوارەکانی ئابوری و ڕۆشنبیری و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و کشتوکاڵی و ئەمنی و بوارەکانی تردا لە ڕێگەی لیژنە تایبەتەکانەوە چارەسەری کێشەکانی دەکەن کە ئەویش ئیدارەی خۆسەرە، و بە بچووکترین خانە دادەنرێت کە بەرپرسیارە لە دابینکردنی ئاسانترین و خێراترین ڕێگا بۆ خزمەتکردنی خەڵک و ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی.

 

"ژن بێدەنگی خۆی تێپەڕاندووە و بووەتە دەنگ بۆ کۆمەڵگەکەیان"

زولەیخا سیلۆ، هاوسەرۆکی کۆمین لە گوندی ئەبو قەلقیل، وتی، "کۆمین بە شوێنێک دادەنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە و ئاراستەکردنیان بۆ ڕێگا ڕاستەکان بە شێوازی دروست،  ژنان ڕۆڵێکی دیار و کاریگەریان هەیە لە کۆمینەکەدا، جگە لەوەش ژنان دەچنە لای هاوسەرۆکی کۆمین بۆ ئەوەی کێشەکانیان بەیەکەوە باس بکەن، بوونی ژنان لە کۆمینەکەدا پێویستیەکی بەپەلەیە بۆ نوێنەرایەتیکردنی ژنان لە ئەنجومەنەکاندا، جگە لە ئەرکەکانیان لە چوارچێوەی کۆمین لەگەڵ هاوسەرۆکەکان."

 

سەبارەت بەو گۆڕانکارییەی کە لە ژیانی ژناندا ڕوویدا لە دوای پێکهێنانی کۆمین، زولێخا سیلۆ واقیعی ژنانی دوای ڕزگاربوون بەراورد کرد بە ساڵانی پێشووتر کە ئەوان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق و سوپای ئازاد و داعشدابوون و دەڵێت، "ژن پێشتر نەیاندەتوانی ڕای خۆیان دەرببڕن، لەکاتێکدا ئێستا لەوەتەی مەنبەج لە دەستی داعش ڕزگاری بووە ڕۆڵی ژنان کاریگەر بووە و لەو شوێنانەی کە کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر دەکرێن ئامادەیەنو نوێنەرایەتی کۆمەڵگەکەی دەکات  لە شوێنەکانی بڕیاردان، لە ئەنجومەنی ناوخۆیی و خۆبەڕێوەبردنەکانەوە، بۆ ئەوەی بێدەنگییەکەی تێپەڕێنێت و ببێتە دەنگێک بۆ کۆمەڵگەکەی."

 

کۆمین بەشداری دەکات لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و چارەسەرکردنی کێشەکان

فاتیمە سلێمان، هاوسەرۆکی گوندی قەرە سەجا ناسراو بە سەکاوییە، چەمکی کۆمین و بیرۆکەی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی ڕوون کردەوە، "کۆمین شوێن دەدات بە کۆمەڵگە بۆ ئەوەی خۆی بەڕێوەببات، لە بابەتی خزمەتگوزارییەوە دەست پێدەکات تا بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، تا دەگاتە بابەتی ڕاهێنان و هۆشیاری."

 

وە ئاماژەی بەوەدا کە "کۆمین بەردی بناغەی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراسی و هێزە ناوەندییەکەیەتی، بەبێ کۆمینەکان ناتوانرێت ئەنجومەن پێکبهێنرێت و لەم ڕووەوە کۆمین بە بچووکترین هێزی ڕێکخراوەیی خەڵک دادەنرێت، هەروەها کۆمین نوێنەرایەتی کۆمەڵگە دەکات لە ئەنجومەندا، کە لە بەرامبەردا نوێنەرایەتی هەموو کۆمینەکان دەکات لە ئیدارەی مەدەنی دیموکراسیدا، واتە پێشنیار و بۆچوونەکان لە بنەڕەتەوە دێن بەرەو شوێنەکانی بڕیاردان، بۆ ئەوەی ئەو بۆچوون و پێشنیارانە بخەنەڕوو، گرنگی کۆمینەکە لەوەدایە کە پایەی سەرەکی پێکهاتەی ئیدارەی سەربەخۆیە."

 

فاتیمە سلێمان، باسی لەوەکرد کە "پێشتر پیاوانی شێخ و کەسایەتییە دیارەکانی خێڵەکان نوێنەرایەتیان دەکرد، ئەوانە بوون کە زۆرترین کات سەرقاڵی کاروبار و کێشەکانی کۆمەڵگە بوون و ڕۆڵی ژنیش پەراوێزخرابوو، بەتایبەتی ژنانی گوندنشین، بەڵام ئێستا ڕۆڵی ئەوان بە ئامادەبوونی ئەو کۆمینەی کە لەلایەن لیژنەی ئاشتەوایی و سەرۆکایەتی هاوبەشەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، بووەتە شتێکی بەرچاو".

 

کۆمین کۆمەڵگە لە خوارەوە بۆ سەرەوە ڕێکدەخات

هاجەر عەلی، هاوسەرۆکی شارەدێی ئەبو قەلقیل دەڵێت، "کۆمین ئەمڕۆ لەدایک نەبووە، بەڵکو چەمکی ژیانی کۆمەڵایەتی لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە بوونی هەبووە و ژنان ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە ڕێکخستن و ئاراستەکردنی ئەندامانی کۆمینەکەدا."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆمینەکە لە چەند لیژنەیەک پێکدێت و لە هەر لیژنەیەکدا ژنێک ڕۆڵی کارا دەبینێت و ئەمەش ئیرادەی بەهێزی پێبەخشیووە بۆ ئەوەی لە هەر شوێنێک بێت خۆی کاندید بکات، هەروەها کۆمینەکە پشت بە سیستەمی دیموکراسی دەبەستێت وەک بنەماکەی چونکە ڕێکخستنەکەی لە خوارەوە دەست پێدەکات تا لوتکەی هەرەمەکە و بە پێچەوانەوە نییە وەک ئەوەی دەسەڵاتداران پەیڕەوی لێدەکەن".

 

سەبارەت بەوەی تا چەند چەمکی کۆمین جێبەجێ دەکرێت، هاجەر عەلی ئاماژەی بەوەدا کە "کۆمین بە ڕێژەی ٪٥٠ لە ناوچەکانی ئێمەدا بەکاردەهێنرێت چونکە هێشتا چەمکێکی نوێیە لە کۆمەڵگەی ئێمە، بەڵام دەبێت بەشداری بکەن لە جێبەجێکردنی تەواوەتی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی کە یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان زاڵ بێت".