ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک"، بەبۆنەی ١ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانی منداڵان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردووەتەوە تێیداهاتووە، بەبۆنەی هاتنەوەی ١ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانی منداڵان، پیرۆزبایی لە منداڵانی کوردستان و جیهان دەکەین، لەو خێزانانەش، کە وا بەوپەڕی بەرسیارێتییەوە شان دەدەنە ژێرباری پیرۆزیی پەروەدەکردنی منداڵەکانیان و سەرکەوتن و گەشەسەندنی کۆمەڵگەکەیان لە بوونی پەروەردەیەکی دروست و بە بنەمادا دەبیننەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە قوڵایی باوەڕییان بە پیرۆزیی و بایەخی هەبوونی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەبوو بە بنەما کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەکانی، بەوەی کە منداڵ ئافرێنەری کۆمەڵگەیە، پێیان وایە دەبێت خێزانەکان، تایبەت دایکان و باوکان زیاتر هۆشیار و بەئاگابن و بەوەی کە دەوڵەت مناڵەکانیان بۆ پەروەردە و وەباردێنی هەڵنەخەڵەتێن و پەروەردەی منداڵەکانیان ڕادەستی دەوڵەت و لایەنی تر نەکەن لەژێر ناوی پەروەردەکردنیاندا، چونکە هەر دەوڵەت و سیستەمێک، هەر لایەنێک بەگوێرەی بەرژەوەندی و ستراتیژییەکانی وەباریان دێنێ، بۆیە پێویستییە خێزان و کەسە یەکەمەکانی منداڵ وریابن و بۆ پەروەردەیەکی دروستی خێزانی پشت بەخۆیان ببەستن و پێشگیری لە کاریگەربوونی منداڵەکانیان بکەن بەو سیستەم و یاسایانە بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانیان پشت بە خۆیان و بەها ئەخلاقییە ژیانییەکانی نەتەوە و کۆمەڵگە ببەستن، لە مێژووی ڕاستینەی گەلەکەیان ئاگاداربن و پەی بە گرنگی پێگەی شوناس و جوگرافیای نەتەوەکەیان ببەن.
ڕژاک ئاماژەی بەوەشکردووە، لەبەرامبەر هەستیاری منداڵ و پەروەردەکردنیاندا بۆ ئاسۆیەکی گەش و کۆمەڵگەیەکی تەندروست پێویستە هەر تاکێک و لایەنێک خۆی بە بەرپرسیار و خاوەن پرسەکە بزانێت، ئەوە ڕاستییەکە کە پێویستە هەمووان بە ڕۆحێکی بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و پێش لە هەر پێشێلکاریی و ژێرپێکردنێکی مافی منداڵان بگرن، چونکە پێچەوانەی ئەمە ئەنجام و لێکەوتەی خراپ چاوەڕوانکراون، کە لە داهاتوودا کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگەدا ڕەنگ دەداتەوە.
ڕژاک داواش دەکات، منداڵ وا ڕابهێندرێن کە خاوەن ئیرادە و کەسێتی خۆبوو بن، منداڵان لە کارپێکردنی بەزۆر و ئەنجام نەدانی کارگەلێک کە لە دەرەوەی توانای جەستەیی و ڕۆحی منداڵدان، هەروەها هاوسەرگیری پێکردنی بێ خواست کە لە لەتەمەنی منداڵیدا پێیان ئەنجام دەدرێت، بۆ کەمکردنەوە و بنبڕکردنی ئەو دیاردە و پێشێلکاریانە پێویستە ڕێکخراو و دەزگا پەیوەندارەکان دەستوەردانی جددی بکەن و خۆیان بەخاوەن پرسەکە بزانن.




