لەیلا حەسەنی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو
کۆمیتەی ئازادی زیندانییانی سیاسیی بڵاوی کردەوە، ژنێک کە بەشداریی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێرانی کردووە، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
ناوەندی هەواڵ
کۆمیتەی ئازادی زیندانییانی سیاسیی سەبارەت بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ژنێکی خۆپیشاندەر لە ڕاپۆرتیکدا ئاماژەی بەوەکرد، لەیلا حەسەنی تەمەن ٤٣ ساڵ و دایکی دوو کچ کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران لە شاهینشاری ئیسفەهان دەستبەسەر کرا، بە تۆمەتی “مەحارەبە” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە لە زیندانی دۆلەت ئابادی لە ئیسفەهان زیندانییە، هەروەها دۆسییەکەی لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە لەلایەن لقی پێنجی دادگای شۆڕشی ئیسفەهانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر وەحید هێممەتنژاد پێداچوونەوەی بۆ کرا و دادگاش سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.
باس لەوەشکراوە، دوای تانەدان لە بڕیارەکە، دۆسییەکە ڕەوانەی دادگای باڵا کراوە بۆ پێداچوونەوە و هێشتا دەرئەنجامی پێداچوونەوەکەی دیار نییە، ئەم ژنە زیاتر لە حەوت مانگە لە زینداندایە و ئەگەر سزاکەی لەلایەن دادگای باڵا پشتڕاست بکرێتەوە، مەترسی لەسێدارەدانی بۆ دەکرێت.