ژنێکی کورد بۆ باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر کاندید دەکرێت

ژنێکی کورد بە ناوی "ھێرۆ مستەفا" بۆ باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر کاندید دەکرێت و پیشتر باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە بولگاریا و راوێژکار بووە لە باڵیۆزخانەی نیودەلھی.

ناوەندی هەواڵ

 

ھێرۆ مستەفا کە لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر کاندید کراوە، لە چاوەڕوانی ئەنجومەنی پیران دایە، تا کاندیدکردنی بۆ ئەو پۆستە پەسەند بکرێت

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی سپی، ھێرۆ مستەفا تەمەنی ٥٠ ساڵە و لەدایکبووی شاری ھەولێرە، بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی خزمەتی سیاسەتی دەرەوە لە زانکۆی جۆرج تاون بەدەستھێناوە و لە زانکۆی پریستن بڕوانامەی ماستەری بەدەستھێناوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هێرۆ مستەفا زمانەکانی ئینگلیزی، کوردی، عەرەبی، فارسی، یۆنانی، ھندی، بولگاری و پرتوگالی دەزانێت، هێرۆ لە تەمەنی دوو ساڵییەوە لەگەڵ خێزانەکەی عێراقی بەجێھێشتووە و دوو ساڵ لە ئێران ژیاوە، دواتر لە ساڵی ١٩٧٦ گەیشتوونەتە ئەمریکا و داوای مافی پەنابەرییان کردووە.

 

لە ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن دامەزراوەی کارنیگی وەک یەکێک لە سەرکەوتووترین پەنابەران لە ئەمریکا خەڵاتکراوە، پێشتریش باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە بولگاریا و ڕاوێژکار بووە لە باڵیۆزخانەی نیودەلھی و لە نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشور و ناوڕاستی ئاسیا کاری کردووە، ھەروەھا لە کاروباری ئەفغانستان و ئێران و ئیسرائیل و فەڵەستین و لوبنانیش کاری کردووە.