هیچ زانیارییەک لە چالاکوان لەیلا کافەرلو دەست ناکەوێت
تا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنی چالاکوان لەیلا کافەرلو و بارودۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانەکەی ئاشکرا نەکراوە، بنەماڵەکەی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن ئەم نادڵنیاییە نیگەرانییەکان زیاتر دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
ماوەی١٣ ڕۆژە هیچ هەواڵێک لەبارەی لەیلا کافەرلو، چالاکی مەدەنی تەمەن ٣٥ ساڵ کە لە زەنجان لە ئێران دەستبەسەر کرابوو بەردەست نییە، نەبوونی ڕاگەیاندراوێکی فەرمی سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی و باری تەندروستی و شوێنی نیشتەجێبوونی، نیگەرانی لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەیلا کافەرلۆ ڕۆژی ٢٥ی نیسان لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە زەنجان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە، بنەماڵەکەی ئاماژەیان بەوەکردووە، سەرەڕای هەموو پرسیارەکانیان، تا ئێستا وەڵامێکی ڕوونیان لە لایەن بەرپرسانەوە وەرنەگرتووە.
پێشتر دەستگیرکراوە
لەیلا کافەرلو پێشتر لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٣ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستبەسەر کرابوو، بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە زیندانی تاکەکەسیدا ڕاگیرابوو، دواتر بە کەفالەتی ٥٠٠ ملیۆن تۆمان ئازاد بکرێت. بەڵام دۆسیەی دژی داخراوە.
لەو دۆسیەیەی کە باسی لێوە دەکرێت، لەیلا کافەرلۆ بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم" و "ئاشکراکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکان" سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، سزاکەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵپەسێردرا.