ڕێکخراوەکانی ژنان لە یەمەنەوە پشتیوانی خۆیان بۆ یەپەژە دەردەبڕن

بەهیە سەقاف، سەرۆکی ڕێکخراوێکی بواری ژنان و چالاکوانی یەمەنی بەهییە سەقاف پشتیوانی خۆی بۆ یەپەژە دەربڕی و ڕایگەیاند، یەپەژە سەرچاوەی لێگەڕینی یەکسانی و ئازادیی ژنە.

ڕێکخراوەکانی ژنان لە یەمەنەوە پشتیوانی خۆیان بۆ یەپەژە دەردەبڕن

ناوەندی هەواڵ

 

چالاکوانی یەمەنی بەهییە سەقاف، سەرۆکی ڕێکخراوی PASS لە ڕێگەی پەیامێکەوە پشتگیری خۆی بۆ یەکینەکانی پاراستنی ژن "یەپەژە" دەربڕی و وتی: وەک ژنێکی عەرەب، پشتگیریی مرۆیی خۆم بۆ ژنانی کورد لە یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) و تێکۆشانەکەیان ڕادەگەیەنم. تێکۆشانیان دژی توندوتیژی و تیرۆریزیم نیشانەیەکە کە ڕۆڵی ژنانی لە ناو کۆمەڵگەکەماندا سەرلەنوێ پێناسە کردەوە.

 

​بەهییە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی شەڕڤانانی یەپەژە ئەنجامیان داوە تەنها لە ڕووی سەربازییەوە سنووردار نییە، بەڵکوو لەوە زیاترە و دەبێتە مۆدێلێکی بەرخۆدانی فێمینستی؛ ئەم مۆدێلە ئەو چوارچێوەبەندییەی شکاند کە چەمکەکانی بەرگری و هێزی تەنها بە پیاوەوە گرێ دەدا، هەروەها ئەوەی سەلماند کە ژنان دەتوانن لە ڕیزی پێشەوە بن بۆ پاراستنی خۆیان، کۆمەڵگەکەیان و شکۆیان.

 

بەهیە ​سەقاف لە درێژەی پەیامەکەیدا وتی: پرسەکانی ژنان، دانەبڕاون و پەیوەست نین بە سنوورە جوگرافییەکان یان سەر بە نەتەوە و ئایینێکی دیاریکراو نین، بەڵکو پرسێکی مرۆیین. ئەو پێشێلکارییانەی ژنان لە هەر شوێنێک ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەردەوامیی ئازارێکی هاوبەشە کە پێویستی بە هاوپشتییەکی بێ سنوور هەیە.

 

ئاماژەی بەوەدا، تێکۆشانی ژنانی کورد و ئیرادە و فیداکارییان بووەتە ئیلهامبەخش بۆ ژنانی جیهان و وتی: ڕێگەی بەرەو ئازادی و یەکسانی، بە شکاندنی چوارچێوە باڵادەستەکان، هەڵاوێردەکان، بە بنیاتنانی تێگەیەکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای دادپەروەری دەست پێ دەکات.

 

​لە کۆتایی پەیامەکەیدا بەهییە سەقاف جەختی لەوە کردەوە، هاوپشتیی ژنان هێزێکە بۆ گۆڕانکاری و وتی: دۆزی ژنان یەکمان دەخات.