هۆشداری لە کارەساتی مرۆیی لە سودان بۆ قەیرانێکی لەبیرکراو

بەهۆی پێکدادان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە فاشری پایتەختی ویلایەتی دارفۆری باکوور، سێ کەس کوژران و ١٢ کەسی دیکە برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

نزیک دەبێتەوە لە ساڵێک سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا "RSF" لە ململانێیەکی دەسەڵاتدان کە بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ماڵەکانیان، هەروەها کارەساتێکی مرۆیی لەپێشە.

 

چوار ملیۆن منداڵ لە سودان لە مەترسیدان 

ماندیپ ئۆبراین، نوێنەری سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان جەختی لەوە کردەوە، داهاتووی زیاتر لە چوار ملیۆن منداڵ لە مەترسیدایە بەهۆی ئەو کارەساتە مرۆییەی کە وڵاتەکە بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێکە ئەزموونی دەکات، هۆشداریشی دا کە ئازارەکانیان دەبێتە قەیرانێکی لەبیرکراو و دەبێتە کارەسات بۆ چەندن نەوەی داهاتوو.

 

سودان ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوونی منداڵان دەبێتەوە لە جیهاندا، ماندیپ ئۆبراین وتی: نزیکەی ١٤ ملیۆن کەس پێویستیان بە یارمەتی ڕزگارکردنی ژیان هەیە لە بوارەکانی تەندروستی و خۆراک و پەروەردە و هەروەها پشتیوانی ئاو و پاراستن.

 

ئاماژەی بەوەشآکرد، زیاتر لە ٣.٥ ملیۆن منداڵ ناچارکراون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن بۆ ڕزگاربوون لە بۆردومان، زیاتر لە ٧.٤ ملیۆن منداڵ ناتوانن ئاوی پاک وەربگرن بۆ ئەوەی بژین، هەروەها زیاتر لە سێ ملیۆن منداڵی خوار تەمەن ٥ ساڵان بە توندی بەدخۆراکییان هەیە، لەوانە ٧٠٠ هەزار منداڵ کە بەهۆی بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن.

 

ماندیپ ئۆبراین داوای هەولەکانی کرد بۆ دابینکردنی یارمەتییەکی دەستبەجێ بۆ ڕزگارکردنی ژیان بۆ ملیۆنان منداڵ و خێزان کە بەهۆی ناکۆکییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، پێویستی بە کۆمەکی دارایی هەیە لەلایەن بەخشەرەکان و هاوبەشەکانەوە، هەروەها هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان یەکبخەن بۆ ئەوەی سودان بتوانێت چارەسەرێکی سیاسی بدۆزێتەوە.

 

لە پێکدادانێکدا سێ کەس کوژران

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند سێ کەس کوژران و ١٢ کەسی دیکە برینداربوون لە پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا.

 

پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە شاری فاشرو شوێنە جۆراوجۆرەکانی باکووری دارفۆر بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوون، ئاماژەی بەوەشکرد کە سوپا هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە بۆ سەر شوێنەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا.