ئاستی برسێتی لە سودان لەوپەڕی خراپیدایە

بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە کە قەیرانی برسێتی لە سودان بەرەو خراپتر چووە، بەتایبەتی لە وەرزی وشکەساڵیدا، ئەگەر دانیشتووانی سودان ڕەوتی بەردەوامی یارمەتییە مرۆییەکان وەرنەگرن دۆخیان خراپتر دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی نزیکەی ساڵێکە لە سودان بە بەردەوامی جەنگ لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە، کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان بۆ دەربازبوون لە بۆردومان و پێکدادانەکانی بەردەوام و ژیان لە بارودۆخی مرۆیی سەختدا.

 

بەرنامەی خۆراکی جیهانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوەکردەوە کە ئەگەر گەل یارمەتی بەردەوام لە ڕێگەی هەموو ڕێڕەوی مرۆییەکانەوە وەرنەگرێت، دۆخی مرۆیی لە سودان خراپتر دەبێت.

 

لە لێدوانێکی نوێنەری بەرنامەی جیهانی خۆراک و بەڕێوەبەری وڵات لە سودان، ئاماژەیان بەوەکردووە کە ترسیان هەیە ئاستی برسێتی و بەدخۆراکی ببینن کە لەم وەرزە وشکەساڵیەدا ڕووبەڕووی وڵاتەکە دەبێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، وەستاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، وایکرد کرێکارانی مرۆیی نەتوانن پێداویستییەکانی برسێتی لە سودان دابین بکەن و هاوکاری پێشکەش بکەن.

 

دووپاتیشی کردەوە، پێویستە سەرجەم ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی خۆراک و هاوکارییە مرۆییەکان بۆ سوودان بە کراوەیی بمێننەوە لە شاری ئادرێ لە چادەوە تا دەگاتە ویلایەتی دارفۆری ڕۆژئاوا، کە بەدەست ئاستێکی مەترسیدار لە برسێتی دەناڵێنێت و مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران کەس دروستکردووە، هەروەها بەرنامەی خۆراک هاوبەشەکانی زۆر پێویستیان بە چەندین گەرەنتی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستییەکان لە ویلایەتی باکووری دارفۆر دابەش بکەن بۆ ئەو کەسانەی کە خەبات دەکەن بۆ بەدەستهێنانی تەنانەت یەک ژەمی خۆراک لە ڕۆژێکدا.

 

شایانی باسە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە نیوەی دانیشتوانی سودان واتە نزیکەی ٢٥ ملیۆن کەس پێویستیان بە یارمەتی و پاراستنی بەپەلەی مرۆیی هەیە و نزیکەی ١٨ ملیۆن کەسیش ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراکی توند دەبنەوە.