"دەوڵەتی تورک نەخۆشخانە و خوێندنگاکان تۆپباران دەکات"

حەنان ئینیز، وتەبێژی نوسینگەی ژنانی دەستەی پەروەردە و فێرکردن هەرێمی جزیرە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی تورکەوە بە هەزاران منداڵ لە خوێندن بێبەشکراون، دەبێت بە تاوانی شەڕدادگایی بکرێن.

عەبیر محەمەد

قامیشلۆ- حەنان ئینیز وتەبێژی نوسینگەی ژنانی دەستەی پەروەردەو فێرکردن هەرێمی جزیرە سەبارەت بە بەئامانجگرتنی خوێندنگایەک لەکۆبانێ و بەئامانجگرتنی ناوچە نیشتەجێبوونەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان لەباکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، قسەی کرد.

 

"شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاری دەکاتە ئامانج"

حەنان ئینیز تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خەڵکی ناوچەکە و دەستی بە قسەکانی کرد و وتی: "لە ١٩ی تشرینی دووەمەوە دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تانک و توپەوە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، دەوڵەتی تورک ئۆپەراسیۆنێکی نوێی داگیرکاری دەستپێکرد و بە ئامانجی لەناوبردنی گەلەکەمان کە لە هەرێمەکەدا دەژین, دەیەوێت ترس بخاتە دڵی خەڵک و لەو خاکەی کە تێیدا دەژین ڕووبەڕووی کۆچیان بکاتەوە، دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانیدا شوێنی نیشتەجێبوون و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و خوێندنگاکان دەکاتە ئامانج".

 

"خوێندنگەی گۆڕان لە کۆبانێ بۆردوومان کرا"

حەنان ئینیز ڕایگەیاند، کە خوێندنگایەکی منداڵان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە چڕی تۆپباران کراوەو وتی: "لەم ڕۆژانەدا خوێندنگایەکی منداڵان بەناوی خوێندنگەی گۆڕان لە کۆبانێ- باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆردوومان کرا و بە گشتی تێکشکێنرا، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران لە خوێندن بێبەش بوون و زیانێکی زۆر بە سیستمی خوێندن گەیشتووە. هاوکات بنکە تەندروستییەکانی شارەکە بە چڕی بۆمباران کران".

 

"زۆرێک لە ناوەند و خوێندنگاکان بەهۆی هێرشی توندوتیژەوە بەکارناهێنرێن"

ئاماژەی بەوەشکرد کە بەهۆی دۆخی شەڕەوە خوێندن لە زۆربەی خوێندنگاکاندا کار ڕاگیراوە و بەردەوامیشی دا:"لەم دۆخە نەخوازراوەدا، بەهۆی هێرشی قورسی دەوڵەتی تورک بۆ سەر سنوورەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، چەندین خوێندنگا و ناوەندی فێرکردن ڕاگیراون، لە هەمان دۆخداهەمیشە ئامادەکاری و پلانی جێگرەوەمان هەیە کە دەتوانرێت لە ماڵەوە لەسەر زووم درێژە بە پرۆسەکە بدەین، بەڵام هیوادارین نەگاتە ئەو ئاستە، کارەکانمان بەردەوامە لە بەڕێوەبردنی هێڵی مەشق و ڕاهێنان".

 

"ورەی ئێمە بەهێزە، سەر دانانەوێنین"

حەنان ئینیز بەم وشانە کۆتایی بە قسەکانی هێنا و وتی: "ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو کارە نامرۆڤایەتیانە دەکەین و هەمیشە داوا دەکەین سنوورێک بۆ ئەو تاوانە جەنگیانە دابندرێت، پێویستە دەوڵەتە بەرپرسەکانی وەک ئەمریکا و ڕووسیا ئەرک و ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، ئەم جۆرە تاوانانە کاری گەورە دەهێنن و ئێمە ئەمەمان ناوێت، دەمانەوێت بە ئاشتی بژین".