فشارەکانی ئێران؛ لە هەڕەشەی یاساییەوە تا دەگاتە لێدان لەسەر شەقامەکان

لە درێژەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ژنان و نەیارانی حیجابی ناچاری، لە وارزانە چەند کەسێک دەستبەسەر و لە شەندیز هێرش کرایە سەر دوو ژن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوابەدوای چڕبوونەوەی تانە و هێرشی دڕندانەی دەزگای فەرمان بە چاکەی ڕژێمی ئێران دژی ناڕازییانی حیجابی ناچاری، هێرش کرایە سەر دوو ژن و چەند کەسێکیش دەستگیرکران.

 

بەپێی ئەو وێنانەی لە دوکانێکی شاری شەندیز بڵاوکراونەتەوە، دوای دەمەقاڵە لەنێوان دوو کەس کەس کە دایک و کچن، لەگەڵ ئەندامێکی دەزگای فەرمان بە چاکە، باس لەوە دەکرێت کە ئەندامی دەزگاکە سەتڵێک ماستی بەسەریاندا ڕشتووە.

 

ئەم کارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەلایەن چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئیدانە کرا و کەمپەینی "سەتڵە ماست"یان ڕاگەیاند و جەختیان کردەوە، ئەو بەرپرسە بەناوبانگانەی دەزگای فەرمان بە چاکە کە بە شێوازی جۆراوجۆر سوکایەتی بە ژنان دەکەن، دەبێت سزا بدرێن.

 

هەروەها لە شاری وارزانە چەند کەسێک هێرشیان کردووەتە سەر هاوڵاتیان بە بیانووی نەگونجاوی جلوبەرگەکانیان، ٥ هاوڵاتی دژ به حیجابی ناچاری دەستبەسەرکران.

 

سەرۆکی دادوەری پارێزگای ئیسفەهان لەسەر دۆسیەکە وتویەتی: دەزگای فەرمان بە چاکە لە یەکێک لە ناوەندە گەشتیارییەکانی شاری وارزانە ئەرکێکی یاسایی ئەنجام داوە، کاتێک هەندێک کەس ڕێگرییان لە کارەکانی دەزگاکە کردووە و هەوڵیانداوە لە ئەفسەرەکان بدەن، بە فەرمانی دادوەری تایبەت و ڕێوشوێنی بەرفراوان، پێنج لە تاوانباران دەستگیرکران و دۆسیەی ئەم کەسانە بە شێوەیەکی تایبەت مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

 

لوتفوڵا دژکام، نوێنەری عەلی خامنەیی لە پارێزگای فارس، لە چوارچێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕازییانی حیجابی ناچاری و ڕاگەیاندنی ئەوەی کە حیجاب نەپۆشین پێشەکییە بۆ لەشفرۆشی، دەستپێکردنی سیستمی لێکۆڵینەوەی گشتی ڕاگەیاند بۆ ئەو کەسانەی دژایەتی حیجابی ناچاری و مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان دەکەن.

 

هەروەها ئیمامەکانی مەشهەد، شیراز، بەندەر لەنگێ ئەم قسانەی نوێنەرانی عەلی خامنەیی و سیستەمی دژە ژنیان پشتیوانی لێکرد و ڕایانگەیاند کە شەڕی دژبەرانی حیجابی ناچاری دەخەنە بەرنامەی کارەوە.

 

ئیمامی جەماعەتی مەشهەد ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی حەوت مانگی ڕابردووی بە پشێوی ناوخۆیی ناوبرد و ڕایگەیاند کە خەڵکی نەزان لە ژێر کاریگەری پیلان و ڕاگەیاندنی نەیارانی کۆماری ئیسلامی بوون و هەروەها شکاندنی جیاکاریی ڕەگەزی لە زانکۆکان بە گەندەڵی ناوبرد و جەختی لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵیان بە توندی کردەوە.

 

ئیمامی نوێژی هەینی لنگرود ڕۆژێک پێشتر ژنانی کردە ئامانج و وتی: دوژمن هەوڵدەدات لادان لە بیرکردنەوە و باوەڕ و ڕەفتاری ژنانی کۆمەڵگەدا دروست بکات، داواکارم خەڵک خراپەکاری قەدەغە بکەن.

 

هەروەها موحسین عەجەی، بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری، جلوبەرگی ئازادانەی ژنان و دژایەتیکردنیان بەرامبەر بەو حیجابەی بەسەریاندا سەپێنراوە، بە دوژمنی سیستەم و بەهاکانی ناوبرد و ڕایگەیاند، ئەو کەسانە سزا دەدرێن، چونکە جلوبەرگەکانیان نموونەیی و بەپێی بنەماکانی شەریعەت و یاسا نییە و دوژمن پشتگیری لێدەکات.

 

لەگەڵ دەستپێکی مانگی ڕەمەزاندا، ڕووبەڕووبوونەوەی سیستماتیکی و ڕێکخراوی جەستەیی و توندوتیژی لەلایەن هێزەکانی حکومەت و کۆکردنەوە دژی ژنان لە شارە جیاوازەکاندا چڕتر بووەتەوە و ئیمامەکانی هەینی بەهەمان شێوە بە وشەی توند و دژە فێمینیستی کۆمەڵگا بە دژی ژنان کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ سەرکردایەتی ئاگری شۆڕشگێڕانە هەڵبگیرسێنن، ژنان بڵێسەی ئاگرەکە بکوژێننەوە و درێژە بە دەسەڵاتی پیاوسالاری و ژنکوژی خۆیان بدەن.