"لە دژی داگیرکاریی سەرکەوتن بە بەرخۆدان بەدیدێت"

ژنانی عەفرین کە کۆچیان کردووە بۆ کانتۆنی شەهبا ئاماژەیان بەوەکرد، بەرخۆدان و تێکۆشان گەرەنتی گەڕانەوەی عەفرین دەکات و تاکە ڕێگای سەرکەوتن بەرخۆدانە.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- کۆچ کردن لە خاکی خۆت بە ئازارترین دۆخی ژیانە، مرۆڤ تەنها لەپێناو گەڕانەوە بۆ خاکەکەی بەردەوامی بە ژیان دەدات، خەونی کۆچبەران تەنیا ڕۆژی گەڕانەوەیە، کۆچبەرانی عەفرین ماوەی پێنج ساڵە ئازار دەچێژن و برینی دوورکەوتنەوە لە خاکی داپیران و باپیرانیان ساڕێژ نابێت.

 

لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨دا دوای ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانی سەردەم، سەدان هەزار کەس لەعەفرین بەهۆی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و گروپە چەتەکانیەوە لە ماڵەکانیان کۆچیان کرد و بەرەو کانتۆنی شەهبا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەڕێکەوتن، لە کامپی کۆچ و کۆچبەران و لەناو ماڵی وێرانکراودا نیشتەجێ بوون.

 

گەلی عەفرین لە یەکەم ڕۆژی کۆچبەرییەوە تا ئەمڕۆ بە بڕیار و پێداگیرییەوە بە بەرخۆدان لە قۆناغی دووەمدا بەردەوامی بە بەرخۆدانی سەردەم دەدەن، کۆچبەرانی عەفرین وازیان لە بەرخۆدان و تێکۆشانی خۆیان نەهێناوە، چونکە دەزانن تەنها بەرخۆدان گەرەنتی گەڕانەوەیان دەکات، ژنانی عەفرین سەبارەت بەو دۆخە قسەیان بۆ کردین.

 

"بۆ عەفرین جەرگمان دەکەینە قوربانی"

خەندەل محێدین دایکی پاكڕەو شیندا بۆتان، ئاماژەی بەوەکرد بە سایەی منداڵەکانی دەگەڕێتەوە عەفرین و وتی: ماوەی پێنج ساڵە لە خاکەکەمان کۆچمان کردووە، ئەمە گەورەترین زەحمەتییە بۆ ژیان، بەرخۆدانی ئێمە و تێکۆشانی کۆچبەران تەنها بۆ گەڕانەوەیە بۆ عەفرین، لە کۆچیشدا ئاستەنگەکانی ژیان دەبینین، بەڵام تەنها بۆ گەڕانەوەی خاکەکەمان بەرگەی بوون و لەناوچوون دەگرین، منداڵەکانمان کردە قوربانی عەفرین و پەشیمان نین، وەک دایکی شەهیدان پشتگیری هێزەکانمان دەکەین و لەسەر شوێنپێی ڕۆڵەکانمان دەبین، کچەکەم لە بەرخۆدانی عەفرین گیانی بەختکرد و هێشتا منداڵەکانم دەبەخشمە عەفرین، ئێمە بەدوای هێڵی شەهیدەکانمان دەبین و خەونەکانیان بۆ وڵاتێکی ئازاد بەدیدێنین.

 

هەموو ڕۆژێک بە هیوای گەڕانەوە دەژین

میدیا حاجی ئەحمەد، یەکێک لە ژنانی کۆچبەر لە عەفرین ئاماژەی بەوەکرد، بێگومان ڕۆژێک ئامانجەکەیان کە گەڕانەوەیە بۆ عەفرینی ئازاد بەدەستدێت و وتی: بۆ شەهبا بەهۆی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، لە عەفرینەوە کۆچمان کردووە، عەفرین هەرگیز لە هزر و خەونمان دەرنەچووە، بە هیوای گەڕانەوە لە قۆناغی دووەمی بەرخۆدان بەردەوام دەبین و هەموو ڕۆژێک بە هیوای گەڕانەوە دەژین.

 

"عەفرین بە خوێنی منداڵەکانمان ئاودراوە، ئێمە کۆڵ نادەین"

مەریەم حەنان، ئاماژەی بەوەدا، ڕۆژانە وشەی عەفرین دێننە سەرزمان و لەبیریان نەکردووە و وتی: ڕۆژەکانمان لە کۆچبەرییدا بە وشەی عەفرین و دەگەڕێینەوە و ڕزگارمان دەبێت بەسەردەبەین، ئازار و برینەکانی دوورکەوتنەوەمان لە عەفرین هەموو ڕۆژێک نوێ دەبێتەوە، ئێمە لە بەرخۆداندا خاوەن بڕیارین، چونکە ئەم بەرخۆدانە گەرەنتی گەڕانەوەی ئێمە دەکات، دوای دوو هەفتە لە شەهیدبوونی کچەکەم  بۆ پاراستنی عەفرین کۆچمان کرد، خاوەنداری لە خوێنی منداڵەکانمان دەکەین، عەفرین بە خوێنی منداڵەکانمان ئاودراوە و کۆڵ نادەین، هەروەها بەڵێن دەدەین هەرگیز واز لە بەرخۆدان نەهێنین تا دەگەڕێنەوە عەفرین، ئێمە بۆ جیهان دەیسەلمێنین کە تەنها بەرخۆدان سەردەکەوێت.