هاوسەرۆکانی شارەوانی ئاکدەنیز دەرگای شارەوانییەکەیان لێکردەوە

نوریە ئارسلان و هۆشیار سەریڵدز، هاوسەرۆکانی شارەوانی ئاکدەنیز دوای دەستبەکاربوونیان وەک هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەکە، دەرگای سەرۆکایەتی شارەوانییان لابرد و ڕایانگەیاند، "ئاکدەنیز دەبێتە ناوەندی فرە کولتووری و فرە زمانی".

ناوەندی هەواڵ

 

نوریە ئارسلان و هۆشیار سەریڵدز، هاوسەرۆکانی شارەوانی ناوچەی ئاکدەنیزی مێرسینی دەم پارتی،  دوای سەرکەوتنیان و وەرگرتنی ئەرکی شارەوانییەکە، دەستبەکار بوون.

 

هاوسەرۆکانی شارەوانی ناوچەی ئاکدەنیزی مێرسین، دوای ئەوەی بە فەرمی دەستبەکاربوون، ڕایانگەیاند، خەڵکی ناوچەی ئاکدەنیز وەڵامی سەرۆکی پێشووی شارەوانییان دایەوە، پێکەوە سەرکەوتووین و پێکەوە ئەرکەکان بەڕێوە دەبەین.

 

هەروەها ئاماژەیان بەوەدا "ئاکدەنیز دەبێتە ناوەندی فرە کولتووری و فرە زمانی، ئەم کارە پێکەوە لەگەڵ گەلەکەمان دەکەین، ئێمە بە هەڵوێستێکی تاکڕەوانە ئەرکەکان بەڕێوە نابەین".

 

دوای وەرگرتنی مۆڵەتی دەستبەکاربوون، هاوسەرۆکانی شارەوانی لەگەڵ جەماوەر چوونە ناو بینای شارەوانی و لەلایەن فەرمانبەرانی شارەوانییەوە بە گوڵ پێشوازییان لێکرا، وەک یەکەم ئەرکیش، هاوسەرۆکانی شارەوانی دەرگای سەرۆکایەتی شارەوانییان لابرد و پاشان لە بەردەم شارەوانی ئاهەنگی شادی بەرێوەچوو.