کافێی کرماشان پیکۆلۆ بە بیانووی حیجابی زۆرەملێ مۆر کرا

کافێ پیکۆلۆ لە شاری کرماشان بە بیانووی پابەند نەبوون بە جلوبەرگی ناچاری و دابونەریتی ئیسلامی مۆر کرا.

کرماشان

 

ئەمڕۆ کافێی پیکۆلۆ کە دەکەوێتە سەر شەقامی کاسارا لە شاری کرماشان بە بیانووی "پابەند نەبوون بە جلوبەرگی ناچاری و دابونەریتی ئیسلامی" لەلایەن فەرمانگەی چاودێری شوێنە گشتیەکانەوە مۆر کرا.

 

لە کاتێکدا ڕەوتی مۆرکردنی شوێنە گشتیەکان و کافێ و چێشتخانەکان لە نیوەی دووەمی ساڵی ڕابردوودا بەرەو کەمبوونەوە دەچوو؛ لە مانگی ڕەمەزاندا شەپۆلێکی مۆرکردنی ئەو شوێنانە دەستیپێکردووەتەوە و پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما ئەم پرۆسەیە چڕتر دەبێتەوە.

 

مۆرکردنی شوێنە گشتییەکان و قاوەخانەکان، چێشتخانەکان، شوێنی نیشتەجێبوونی گەشتیاری، نمایشی میوزیکی ڕاستەوخۆ و هتد لەلایەن ئیدارەی چاودێری شوێنە گشتیەکان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و لە سەردەمی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا چەندین جار لە سەرانسەری ئێران دووبارە بووەتەوە، لە شاری کرماشانیش ژمارەیەکی زۆر شوێن مۆر کراون، بیانووەکەشیان "پابەند نەبوون بە جلوبەرگی ناچاری و دابونەریتی ئیسلامی"یە.