لە کەلار ژنێک لە کاتی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی گیانی لەدەستدا

بەیانی ئەمڕۆ ژنێکی خانەنشین لە سەرەی وەرگرتنی مووچەی مانگی شوباتدا، دۆخی تەندروستیی تێکچوو و گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای ئەوەی ماوەی ٦ مانگە تەنها دوو مووچە دراوە بە مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان، نۆرەگرتن بۆ وەرگرتنی مووچەو نەبوونی سیستمێکی یەکخراو ئەوەندەی دیکە مووچەخۆران و بە تایبەت خانەنشێنانی ماندوو کردووە، بەهۆی دروستبوونی پاڵەپەستۆو نۆرەگرتن بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکی زۆر خانەنشینان دۆخی تەندروستییان تێکدەچێت و زۆربەی کات دەگاتە ئاستی گیان لەدەستدان، نویترین ڕووداو گیان لەدەستدانی ژنێکی بەتەمەنە لە کاتی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی لە کەلار.

 

بەیانی ئەمرۆ ٣١ی ئادار، لە شارۆچکەی کەلاری ئیدارەی گەرمیان ژنێکی خانەنشین، لەکاتی وەرگرتنی مووچەی مانگی شوبات لەبەردەم بانکی گەرمیان، دۆخی تەندرووستی تێکچوو و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

 

بەپێی زانیارییەکان ئەو ژنە ناوی "ئامینە حەسەن"ە و تەمەنی ٧٠ ساڵەو دانیشتووی شارەدێی ڕزگاریی سەر بە کەلارە.