بە شانۆییەک چالاکییەکانی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوە دەستیپێکرد

بە ڕێوڕەسمێک هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کرایەوە و تیایدا نمایشێکی شانۆیی پێشکەشکرا کە دەنگی ژنانی ستەملێکراوی ناو کۆمەڵگەی کوردی دەرەخست.

سلێمانی

 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ گروپی کاری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی لە پارکی دایک لە شاری سلێمانی لە ڕێوڕەسمێکدا بەبۆنەی شازدە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان چالاکیان ئەنجامدا.

 

ئەم گروپە لە ژێر دروشمی، "جیهان پڕتەقاڵی بکەن، پێکەوەبن، ئێمە لەگەڵتانین بۆ بەگەڕخستنی سەرچاوە و تواناکانمان لە ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی جێندەری لە عێراق"، شەدە بەشیر ڕێوڕەسمەکەی بەڕێوەبرد و لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکاندا چەند چرکەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان بەڕێوەچوو.

 

بەهار مونزیر، وەک سەرپەرشتیاری گروپەکە دەربارەی گروپەکە وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: "لە هەڵمەتی شازدە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا دوێنێ هەواڵی ژنێکمان پێگەیشتووە کە سوتێنراوە و لە پزیشکی دادی سلێمانییە و کەس نازانێت کێیە"، ڕوونیکردەوە هەموو ڕۆژێکی هاوڵاتیان بە ڕووداوی توندوتیژی و کوشتنی ژنێک دەستپێدەکات.

 

دواتر ئاماژەی بە کاری گروپەکەیان کرد و ڕایگەیاند: گروپەکەیان لە ساڵی ٢٠١٥وە دامەزراوە وەک گروپێک کاریان بە شێوەی هەماهەنگی کردووە لە نێوان ڕێکخراوەکانی ژنان و حکومەت، وتیشی: "یەکێک لە لاوازییەکان لە باشووری کوردستان نەبوونی سیستمێک بووە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسییەکان، بەڵام ئەم گروپە توانیویانە زۆرترین دۆسییەکان بوروژێنن و کاری کەمپەینی داکۆکیکردن ئەنجام بدەن"، هەروەها لەسەر بنەما و ڕێکەوتنە جیهانییەکان کاردەکەن، وەک کارکردن لەسەر بەزۆر بەشوودانی منداڵان، هەروەها کارکردن لەسەر گفتوگۆ پیاوسالارانەی ناو پەرلەمان کە بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالارانە لەسەر پرسی توندوتیژی دژی ژنان دەدوان.

 

خوێندنەوەی پارچە هۆنراوە و وتاری گروپەکە بەشێکی دیکەی چالاکییەکە بوو

دواتر لە ڕێوڕەسمەکەدا دوو پارچە هۆنراوە خوێنرایەوە کە لەلایەن دەریا هەڵەبجەیی و بەندی عەلی نوسرابوون، دواتر لەلایەن هانا شوانەوە وتارێک پێشکەشکرا و تیایدا ئاماژەیان بەوەدا، هێرشە ناڕەواکانی سەر ژنان ناوەستێنن، سەرجەم کەسە پێشکەتووخوازەکان و ئەو کەسانەی لە ژیانیاندا سەرکەتوون هەمیشە بەربەست هاتووەتە ڕێگایان و هەوڵی بەرتەسککردنەوەی ڕێگای ژیانیان دراوە، ئەمەش بۆ ژنان زیاترە و تەنها ڕۆشنایش بوونی پێکەوەیی ڕێکخراو و کەسانی خەباتکارە لەپێناو ئایندەیەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو لەپێناو نەمانی ئەقڵیەتی دواکەوتوو و کلتووری چەقبەستووی کۆمەڵگە.

 

شانۆی ڕەش و سپی نمایشکرا

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا شانۆی ڕەش و سپی لە نوسینی کاروان سۆفی و دەرهێنانی ڕۆژە حەسەن و کاروان سۆفی و لە نمایشی ئەکتەران "کەنار سەرچڵ، ڕاژان ڕزگار و هێشوو نامیق" نمایشکرا.

 

شانۆییەکە دەربارەی دۆخی ژنان بوو لە ناو خێزانی کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەو توندوتیژیانەی دەخستەڕوو کە ژنان بەردەوام لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت و بەهێزانە بە ڕوویدا دەوەستنەوە، دواجار لەلایەن کەسوکار و هاوژینەکانیانەوە دەکوژرێن، بەڵام هەرگیز بێ هیوا نابن بەڵکو تێکۆشان دەکەن و دروشمی "ژن ژیان ئازادی" دەکەنە پێشڕەوی خۆیان.

 

ڕاژان ڕزگار وەک ئەکتەرێک ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیادا گوێبیستی هەواڵی کوشتنی ژنان دەبین، بۆیە بە گرنگیان زانی نمایشی لەو شێوەیە پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە هۆشیار ببێتەوە بەرامبەر بە مافی ژنان، چیتر خێزانەکان دەست نەخەنە خوێنی کچان و ژنانی خۆیان.

 

وتیشی "هونەرمەند پێویستە هەمیشە جێپەنجەی دیاربێت لە کۆمەڵگەدا، هۆشیاری بڵاوبکاتەوە، چونکە هیچ شتێک شایستەی ئەوە نییە ژنێکی بۆ بکوژیت".