ڕێپێوانی ژنان؛ هێزەکانی تاڵیبان هێرشیان کردە سەر ژنان

تاڵیبان ڕێپێوانی ژنانی ئەفغانستانی لە شاری کابول، کە بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر بەڕێوەیان دەبرد، سەرکوتکرد و ژمارەیەک خۆپیشاندەریان دەستگیر کرد.

بەهاران لەهیب

 

کابول- ئەمڕۆ، ٢٤ی تشرینی دووەم کۆمەڵێک ژنی ئازادیخوازی ئەفغانی بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە شاری کابول ڕێپێوانێکیان دژی زوڵم و نادادییەکانی تاڵیبان بەتایبەت لەسەر ژنان بەڕێوەبرد.
 

ژنان پانکارتیان بە نووسراوی "تا کۆتایی خەبات بۆ مافەکانمان دەکەین و کۆڵ نادەین!" "ئێمە لە ڕاپەڕینی ئیلهامبەخشی خوشکەکانمان لە ئێران پشتیوانی و هێز وەردەگرین"، "هیچ کۆمەڵگەیەک بە بێ بەشداری چالاکانەی ژنان ناتوانێت بەختەوەر بێت" بەرز کردەوە و دروشمیان دژی ستەمکاریی تاڵیبان دەوتەوە.

 

س. ع. یەکێک لە ژنانی بەشداری ڕێپێوانەکە وتی: ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی دەنگی ناڕەزایی خۆمان لە دژی تاوانەکانی تاڵیبان و بەتایبەت دژی ژنان بەرز بکەینەوە و ئەوە بە خەڵکی جیهان نیشانبدەین، کەسانێک هەن کە لەلایەن حکومەتە ستەمکارەکانیانەوە فریو نەدراون و لە تەنیشت ئەفغانییە ئازارچێشتووەکان وەستاون.

 

هێزەکانی تاڵیبان گەمارۆی چالاکی ژنانیان دا و هەڕەشەی لێدانیان دەکرد و سوکایەتییان بە ژنان دەکرد، ژنان چاونەترسانە بەردەوام بوون لە وتنەوەی دروشمەکانی: دوژمن لە شەڕدایە لەگەڵ ئێمە / بێدەنگیمان نەفرەتە! "تێکۆشانی ژنان؛ ئازادبوون / ژن ژیان هاوپشتی!، لە بەردەوامی چالاکییەکەدا هێزەکانی ئیستخباراتی تاڵیبان هێرشیان کردە سەر ژنان و ژمارەیەک لەو ژنانەیان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستگیرکرد.