پۆلیسی نەینەوا دەستگیرکردنی بکوژانی دوو خوشکی ڕاگەیاند

پۆلیسی نەینەوا لە عێراق شێوازی کوشتنی دوو خوشکی خستەڕوو، ڕاشیگەیاند کە بکوژان دەستگیرکراون.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٢ی ئاب بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئوم ڕەبیعەین لە نەینەوا بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی تەلکەیف دۆسیەی کوشتنی دوو خوشکی ئاشکرا کرد، کە لەلایەن دوو تۆمەتبارەوە لە ڕێگەی فێڵ کردنەوە کوژراون و پاشان سوتێنراون.

 

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی نەینەوا، هەردوو تۆمەتبارەکە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و یەکێکیان لە ڕێگەی خۆکردنەوە پارێزەر بڕێکی زۆر پارەی لە دوو خوشکەکە  وەرگرتووە بە مەبەستی ئازادکردنی هاوژینەکانیان لە زیندان.

 

دواتر بەو ژنانە وتراوە کە دەبرێنە شاری بەغدا بۆ سەردانی هاوژینەکانیان لە زیندان، بەڵام لە ڕێگە ژەهریان بۆ دەکرێتە خواردن و بە بەرد دەکوژرێن. دەبرێتە نزیک نزیک بەنداوی موسڵ و بۆ شاردنەوەی تەرمەکانیان دەسووتێنرێن.

 

پۆلیسی نەینەوا ڕایگەیاندووە کە دوو تۆمەتبارەکە دەستگیرکراون و ڕەوانەی دادگای تاوانەکان کراون.

 

بەپێی زانیارییەکان دوو خوشکەکە ناویان، عایشە عەوادی تەمەن ٤٤ ساڵە کە خاوەنی ٩ منداڵە و خوشکەکەی دیکەیان ناوی یازی عەوادە، تەمەنی ٣٨ ساڵە و ٧ منداڵی هەیە، هاوژینەکانیان برای یەکدین و بە تاوانی ئەندامی گروپی تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون.