ئەفغانستان، هەژماری ڕۆژنامەنووسان بە ڕێژەی ٦٠٪ کەمبوونەتەوە

دوای ساڵێک لە ڕووخانی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان و دەسەڵاتداری تاڵیبان، ئەفغانستان نزیکەی ٦٠٪ی ڕۆژنامەنووسەکانی لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

چوارشەممە، ١٠ی ئاب، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەرکەوتووە ئەفغانستان لە ساڵی ڕابردووەوە لە ٥٠٪ی ڕۆژنامەنووسەکانی لەدەستداوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، دوای ڕووخانی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان و دەسەڵاتداری تاڵیبان، ئەفغانستان ٣٩.٥٩٪ی میدیاکانی و ٥٩.٨٦٪ی ڕۆژنامەنووسانی لەدەستداوە کە زۆربەیان ژنن، پێش ڕووخانی حکومەتی پێشوو،  ٦٤٧ دەزگای ڕاگەیاندن لەم وڵاتەدا چالاک بوون، بەڵام دوای تاڵیبان نزیکەی ٢١٩ دەزگای ڕاگەیاندن چالاکییەکانیان ڕاگرت.

 

پێش مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو، هەزار و ٨٥٧ ڕۆژنامەنووس لە ئەفغانستان کاریان دەکرد، ئێستا ئەم ژمارەیە بۆ ٤ هەزار و ٧٥٩ ڕۆژنامەنووس کەمیکردووە، ڕووخانی کابول زۆرترین کاریگەری نەرێنی لەسەر رۆژنامەنوسانی ژن هەبووە و ٧٦.١٩٪یان کارەکانیان لەدەستداوە، ئێستاش هیچ ڕۆژنامەنوسێکی ژن لە ١١ پارێزگادا کار ناکات.

 

پێش تاڵیبان، لە ئەفغانستان دوو هەزار و ٧٥٦ رۆژنامەنووس و میدیاکاری ژن هەبوون، ئێستا بۆ ٦٥٦ کەس کەمیکردووە، هەروەها لە پارێزگاکانی بادغیس، هلمن، دایکندی، غەزنی، وەردەک، نەمرۆز، نورستان، پکتیکە، سمنگان و زابول چالاکی میدیاکان لەباربراون.

 

هەر لەو چوارچێوەیەدا کریستۆف دیلۆر، سکرتێری گشتی پەیامنێرانی بێسنوور رایگەیاند، ڕۆژنامەگەری لە ئەفغانستان نەماوە، میدیاکان و ڕۆژنامەنووسان لەژێر ڕێسایەکی نادادپەروەرانەدان کە ئازادی میدیاکان سنووردار دەکەن، دەبێت تاڵیبان کۆتایی بە توندوتیژی و هەراسانکردنی ڕۆژنامەنووسان بهێنێت.