مزگین ڕوناک دوای ٣٠ ساڵ سەربەست کرا

مزگین ڕوناک، دوای تەواوکردنی سزاکەی سەربەست کرا، دووەم زیندانی ژنە کە دوای ٣٠ ساڵ زیندان ئازاد دەکرێت، مزگین ڕوناک ئازادی خۆی دیاری ئەو کەسانە کرد کە لە تێکۆشانی دیموکراسیدا ژیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

نووسەر مزگین ڕوناک، ناسراو بە ئایدین،  (عەیدین) لە زیندانی ژنانی گەبزە زیندانکرابوو، دوای ٣٠ ساڵ ئازاد کرا، مزگین ڕوناک کە هێشتا تەمەنی ١٩ ساڵ بوو، لە ساڵی ١٩٩٢دا لە دادگای ئاسایشی دەوڵەت لە ئامەد دادگایی کرا و بە تۆمەتی "ئەندامێتی رێکخراوێکی کوردی" سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.

 

مزگین دووەم ژنی زیندانییە کە دوای ٣٠ ساڵ ئازاد کرابێت، لە ماوەی زیندانیشیدا بەشداری زۆرێک لە چالاکییەکانی مانگرتن له خواردن کردووه، تووشی چەندین کێشەی تەندروستی بووەتەوە، لە ئێستاشدا لە ژێر چارەسەری شێرپەنجەی مەمکدایە.

 

ئازادی خۆی بەخشی بەو کەسانەی کە ژیانیان لەدەستدا

مزگین ڕوناک جگە لە بنەماڵەکەی له‌لایه‌ن زۆر که‌سەوە له‌ به‌رده‌م زیندان‌ به‌ گوڵه‌وه‌ پێشوازی لێکرا، وتارێکی پێشکەشکرد و ئازادیی خۆی دیاری ئەو کەسانە کرد کە لە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسیدا ژیانیان لەدەستداوە.

 

مزگین ڕوناک ڕایگه‌یاند، هیوای ئازادی بۆ هه‌موو که‌سێک هه‌یه‌ که‌ خه‌بات بۆ ئازادی ده‌کات و وتی: تا یه‌کێک له‌ هاوڕێکانمان له‌ زیندان بمێنێته‌وه‌، ئازادی ئازادی نییه‌. ئێمە دەمانەوێت هەموو هاوڕێکانمان ئازاد بکرێن.