لە دووەم ڕۆژدا شاندی نێونەتەوەیی ژنان لەگەڵ ژنانی ئازادیخواز کۆبوونەوە

لە دووەم ڕۆژی سەردانەکانیاندا شاندی نێونەتەوەیی ژنان لەگەڵ ژنانی ئازادیخواز کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر شۆڕشی ژنان و ئەو چالاکییەکانە کرد کە ژنی کورد ئەنجامی دەدات بۆ هۆشیاربوونەوە و ئازادبوونیان.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ شاندی نێونەتەوەیی ژنان لە درێژەی سەردانەکانیاندا بۆلای ڕێکخراوەکانی ژنان و دەستەی ژنانی لایەنە سیاسییەکان، ئەمڕۆ لەگەڵ هەریەک لە "ژنۆلۆژی، یەکێتی ژنانی کوردستان، خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕژاک" کۆبوونەوە.

 

شاندەکە لەلایەن ڕێكخراوی پەیوەندییەكانی ژنانی كورد-ڕێپاک پەیوەندییان بە سەرجەم لایەنە جیاوازەکانەوە کرد و پێکهاتوون لە نوێنەرانی ژنی ڕێکخراوی وڵاتە جیاوازەکان، کلا کوپەر لە وڵاتی پۆلیڤیا، کارۆلین کیم لە وڵاتی کۆریا، رەها زەمانی لە وڵاتی ئێران، کۆخۆب مهریتاب لە وڵاتی ئێریتریا، زەینەب بایەزیدی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.

 

باس لە گرنگی هەبوونی پەرتوکخانەی ژنۆلۆژی کرا

لە یەکەم سەردانیدا سەردانی ژنۆلۆژیان کرد، پرسیاریان دەربارەی پەرتوکخانەی ژنانی کورد کرد و خواستیان بوو بۆیان دەربکەوێت تا چەند ژنانی کورد دەنوسن و مێژووی تایبەت بە  خۆیان هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش هاژە خالید، ئەندامی ژنۆلۆژی و شێوەکار بۆی ڕوونکردنەوە ئەم پەرتووکخانەیە تایبەتە بە مێژووی ژنانی کورد و هەموو ئەو نوسراوانەی تێدا کۆدەبێتەوە کە بە پەنجەی ژنی کورد نوسراون.

 

هەروەها باسیان لە خەبات و تێکۆشانەکانی ناگیهان ئاکارسەل کرد کە چەندین تێکۆشان و خەباتی کردووە بۆ دامەزراندنی پەرتوکخانەیەکی لەو شێوەیە و کۆکردنەوەی مێژووی ژنانی کورد، بەڵام بەهۆی سیستمی داگیرکاری و سەرکوتکردنی دۆزی ژن لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە تیرۆرکرا و شەهید بوو.

 

"بڕوامان وایە هێزی ژنان لە یەکبووندایە"

پاشان شاندەکە سەردانی یەکێتیی ژنانی کوردستانیان کرد، لەلایەن ژنانی چالاکوانی یەکێتی ژنان پێشوازیان لێکرا و دەربارەی مێژووی خەباتی چەندین ساڵەی یەکێتی ژنان تاوتوێیان کرد، هەروەها ئەو دروشمانەی یەکێتی ژنان لە ساڵی دامەزراندنییەوە تا ئێستا  کاری پێدەکات و لە ڕێییەوە هەوڵ دەدات باس توندوتیژییەکانی سەر ژنان نەهێڵن، باس کران.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سەیوان ڕۆستەم، ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان باسی لەوەکرد، لە تەواوی کۆبوونەوەکەدا باسیان لە ڕەوشی ژنانی جیهان و کورد کردووە، کۆکبوون لەسەر ئەوەی ژنانی جیهان لەم ڕۆژەدا یەکبگرن و هەوڵەکانیان یەک بخەن چونکە ستەم و توندوتیژییەکان ڕوو لە هەڵکشانن، ئامانجەکانمان بکەین بەیەک بەوەی ڕووبەڕووی توندوتیژییەکان ببنەوە.

 

تێکۆشانی ژنانی ڕۆژئاوایان بەرز نرخاند

لە درێژەی سەردانەکەدا شاندی نێونەتەوەیی ژنان سەردانی خۆبەڕێوەبەری باکوور و خۆرهەڵاتی سوریایان کرد، دەربارەی شێوازی تیکۆشان و خەباتی ڕۆژئاوای کوردستان گفتۆگۆیان ئەنجامدا، باس لەوە کرا لە ڕۆژئاوای کوردستان سیستمێک نییە بە ناوی سەرۆکایەتی، بەڵکو هاوسەرۆکایەتی پەیڕەو دەکرێت، ژنانیش لە بڕیارداندا جێی خۆیان دەگرن، ژنانن دەجەنگێن و ڕووبەڕووی دوژمن دەوەستنەوە.

 

لە بەرامبەر ئەم باسانەدا شاندەکە تێکۆشان و خەباتی ژنانی کوردیان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرز نرخاند، هیوایان دەخواست ژنانی جیهان ئەزموون لە تێکؤشانی ژنانی ڕۆژئاوا وەربگرن، ژنانی ڕۆژئاوا ببنە پێشەنگی ئازادی و دیموکراتی کە جیهاندا.

 

لە کۆتایی سەردانەکەشدا لەگەڵ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک کۆبوونەوە و تیایدا کار و خەباتی ڕێکخراوەکە باسکرا، کە لە باشووری کوردستان چەندین بارەگایان لە شار و شارۆچکەکان هەیە و تێکۆشان دەکەن لەپێناو ماف و ئازادییەکانی ژنانی باشووری کوردستاندا.