گامبیا دەنگ بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەی خەتەنە دەدات

یاسادانەرانی گامبیا کە زۆرینەی موسڵمانن دەنگیاندا بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسایەکی ساڵی ٢٠١٥ کە قەدەغەی خەتەنە دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

یاسادانەرانی گامبیا دەنگیاندا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەدەغەکردنی خەتەنە کە ساڵی ٢٠١٥ دەرکراوە، ئەگەر لە خولی کۆتایی دەنگداندا سەرکەوتوو بێت دەبێتە یەکەم وڵاتی ڕۆژئاوای ئەفریقا کە یاساکانی پاراستنی خەتەنە هەڵبوەشێنێتەوە.

 

بەپێی ئەو یاسایەی لە ساڵی ٢٠١٥دا پەسەندکرا، یاسادانەران لە گامبیا سزای هەزارو ٢٥٠ دۆلار و سزای زیاتر لە سێ ساڵ زیندانییان سەپاند بۆ ئەو کەسانەی خەتەنەی منداڵانی کچ و ژنان ئەنجام دەدەن، بەڵام ئەم دیاردەیە لەم ساڵانەی دواییدا لە وڵاتەکەدا زیادی کردووە سەرەڕای هەڵمەتەکانی چالاکوانانی مافی ژنان.

 

ڕۆژی ١٨ی ئادار، ئەم یاسادانەرانە بە ٤٢ دەنگی بەڵێ و تەنها ٤ دەنگی دژ ڕازی بوون بە ناردنی پڕۆژە یاسای "هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەکردنی خەتەنە" بۆ لیژنەی پەرلەمانی گامبیا؛ لە ئێوارەی دەنگدان لەسەر پلانەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەکردنی خەتەنە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و پیاوان لەبەردەم پەرلەمان کۆبوونەوە و خۆپیشاندانیان دژی بڕیارەکە کرد.

 

 

بەگوێرەی شارەزایانی مافەکانی مرۆڤ و پارێزەران و چالاکوانانی مافەکانی ژنان، هەڵوەشاندنەوەی ئەم قەدەغەکردنە بە شێوەیەکی بەرچاو زیان بە هەوڵەکانی چەندین ساڵ دەگەیەنێت بۆ کۆتایی هێنان بەو کردارەی کە زۆرجار لەسەر منداڵانی کچی خوار تەمەن ٥ ساڵ ئەنجام دەدرێت.