چەمک و فەلسەفەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"

ماری دالی، چالاکوانی مافی ژنانی ئەمریکی باس لەوە دەکات کە بزووتنەوە نەتەوەییەکان ئازادی تەواو نادەنە ژنان، بەڵام ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی لە ئێران کە بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیپێکرد بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" جیاوازە لە بزوتنەوە نەتەوەییەکانی دیکە.

شادی ئەحمەدیان

 

ناوەندی هەواڵ- "ژن، ژیان، ئازادی" دروشمی سەرەکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی گەلانی ستەمدیدەی ئێرانە لە دژی پیاوسالاری و ڕژێمی ئێران، پێشکەوتووترین دروشمە کە لە سەرتاسەری جیهاندا دەوترێتەوە، وشەی "ژن" لەم دروشمەدا ئاماژە بەو ژنانە دەکات کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەت و یاسا و پیاوسالاریدا ژیاون، کە بەهەموو ژیانیان تێکۆشانیابن کردووە و بەرگرییان لە مافەکانیان کردووە و هەڵگری ئەو پەیامەیە کە هەتا ژنان لە کۆمەڵگە مافەکانیان بەدەستنەهێنن، کۆمەڵگە لە مانای ئازادی تێناگات.

 

ئەم دروشمە کە یەکەمجار لەلایەن کوردەوە بەکارهاتووە ئاماژە بەوە دەکات کە ئازادی کۆمەڵگە تەنیا بە مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان بەدیدێت، ژنان لەناو کاریگەرییەکی بەرچاویان هەیە لەسەر پێکهاتەی کولتووری و کۆمەڵایەتی و ئابووری بەتایبەتی پێکهاتەی سیاسی کۆمەڵگە، ئەگەر مافی کۆمەڵایەتییان پشتگوێ بخرێت، ئەوا پیاوان بەقەدەر ژن زیانیان پێ دەگات، بە واتایەکی تر ئەگەر کۆمەڵگە بە جەستەی مرۆڤ بزانین و ژن و پیاو بە نیوەی ئەم جەستەیە بزانین، شکستهێنان لە بەکارهێنانی توانای ژنان لە ئەنجامی جیاکاری سیستماتیک، بێبەشکردنی ژنان لە چێژوەرگرتن لە مافە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیەکانیان واتە بێبەشکردنی کۆمەڵگە بە گشتی.

 

لە لایەکی دیکەوە جیاوازی یاسایی نێوان ئەو ڕەگەزانەی کە لە خێزان و کۆمەڵگەدا هەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی خێزانی و زیادبوونی جۆرێک لە توندوتیژی و نائارامی کۆمەڵایەتی دروست دەکات کە دەتوانێت کۆمەڵگە بخاتە مەترسی نائارامییەوە، لەناویشیاندا دەتوانین ئاماژە بە زیادبوونی کێشەی دەروونی، ڕێژەی جیابوونەوە، زیادبوونی تاوانی کۆمەڵایەتی، کوشتن و تاوانی هاوسەرگیری، هەڵاتنی کچان، کوشتن بە ناوی ناموس، خۆکوشتن و خۆسووتاندن، پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە ئەگەر خێزان چێژ لە ئاسایشی دەروونی و ئارامی و بەختەوەری وەرنەگرێت ئەوا نەوەیەک دوور لە نیشاندەری تەندروستی دەروونی دروست دەکات.

 

ژنان کاریگەرییەکی زۆریان هەیە لەسەر هاوکێشە سیاسی و کۆمەلایەتی و فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگە بەهۆی ڕۆڵی سەرەکی لەبەرهەمهێنانی کەلەپوری کۆمەڵایەتیدا بەهۆی بەرپرسیاریەتی پەروەردەکردنی منداڵەوە، ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" بە پێشەنگایەتی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بە هەمان ئەو خاڵە گرنگ کرد کە ژنانی هۆشیار جگە لە خەباتکردن بۆ مافەکانیان، نەوەیەکیان بە دوای گۆڕانکاری بنەڕەتیدا دروستکرد.

 

درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەریخست کە تەنانەت نەهێشتنی کەمترین جیاکاری و مافی ژنان لە پەروەردەدا دەتوانێت گۆڕانکارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرچاو دروست بکات، بۆیە بە پێی باوەڕی زۆرێک لە ژنان و پیاوانی کورد ئازاد کردنی ژنان لە یاساکانی دژە ژن و جیاکاریی ڕەگەزی زۆر گرنگە و دەبێتە هۆی ئازادکردنی کۆمەڵگە بەواتایەکی تر ئازادی ژن ئازادی کۆمەڵگەیە، لەڕاپەڕینی ئەم دواییەی ئێراندا خۆڕاگری بێوێنەی ژنان لەڕیزی پێشەوەی خەباتدا بووە هۆی بەردەوامبوون و گۆڕانی بۆ ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە سەرتاسەری وڵاتدا، تەنانەت کە خۆپیشاندانەکان کاڵ بووەتەوە، ئاگرەکان لە ژێر خۆڵەمێشدا بەردەوام دەسووتێنن و سەرەڕای هەموو شێوازەکانیان لە ڕاپەڕینی خۆیان پاشگەز نەبوونەوە.

 

هەروەها وشەی "ژیان" ئاماژە بەوە دەکات کە ژیان زۆر گرنگە، بەو مانایەی کە دەکرێت بوترێت وەستان و بەرهەڵستی ئەوەیە کە مانای ژیان دەبەخشێت وشەی ژیان نایەوێت ئەو پێداویستیانەی ناوەوە سەرکوت بکات کە بە یاسا و ئاین قوربانیان داوە، پێویستی بەپەیوەندییەکی ئازاد لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا هەیە، پێویستی بەدۆخی ئابووری باش و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و بەختەوەری و هتد هەیە.

 

وشەی "ئازادی" دەیەوێت سێبەری بەسەر سەری هەموو خەڵکەوە بێت و ئازادی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنی لەخۆ بگرێت، بە واتایەکی تر شێوازێکی ئازادانەی ژیان بێت لە ئازادیدا هەموو ڕەگەزەکان چ ئایینی و چ زمانەوانی یان بە پێچەوانەوە چێژ لە مافی هاووڵاتیبوون وەردەگرن.

 

نەوەی گەنج ئەم ئازادییە بۆ کەمینە ڕەگەزییەکان دەوێت، ئەوان زیاتر لە نەوەکانی پێشوو حەزیان لەم ئازادییە هەیە لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت ئەوە ڕوونبکرێتەوە کە بۆچی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن ژنان و گەنجانی ئێرانەوە پێشوازی لێ دەکرێت، هەروەها ڕای گشتی گەلانی جیهان ئەمەش دووبارەبوونەوەی ڕۆژانەی ئەم دروشمە و گۆڕینی بۆ ڕەوتێکی جیهانی دەردەخات.

 

هەندێک لە بیرمەندانی ڕۆژئاوا پێیانوایە ئەم دروشمە بە شێوازی خۆی زۆر جیاواز و پێشکەوتنخوازە و وشەی ژن هەڵگری پەیامێکی ڕوونە کە ئازادی بەبێ مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان بەدی نایەت و لەو ڕوانگەیەشەوە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" پەیامەکە دەگەیەنێت.

 

شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بەڕۆڵی بنەڕەتی ژنان و لاوان نیشانەی ئەو ڕووداوە گرنگەیە، ئەوەی ئێمە ڕووبەڕووی دەبینەوە زیاتر لە شۆڕشێکی سیاسیە کە پێدەچێت لە چوارچێوەی تیۆرییەکانی کلاسیکی سۆسیۆلۆژیدا ڕوون ناکرێتەوە و پێویستە کۆمەڵناسان وشە و تیۆری نوێ بۆ دروست بکەن.