سەیرکردنی تۆپی پێ لە دیوەزناوی هەورامان بێ جیاوازی ڕەگەزی

لە ناوچەی دیوەزناوی هەورامان، ژنان دوور لە دەستوەردانی هێزەکانی حکومەت و بەبێ جیاوازی ڕەگەزی، سەیری تۆپی پێیان کرد.

کامیاران

 

لە کاتێکدا یاساکانی ڕژێمی ئیسلامی ڕێگری لە بەشداری ژنان لە یاریگا وەرزشییەکان دەکەن، ژنانی کورد هەرگیز پابەند نەبوون بەو یاسایانە و یاسا دژە ژنەکانی ئێران لە کوردستان جێگەیان نابێتەوە، دوای دەستپێکی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ژنان سەرپێچی لە یاسا پیاوسالارییەکانی ئێران دەکەن و بە جۆش و خرۆشێکی شۆڕشگێڕانە بەشداری پێشبڕکێکانی جامی ناوخۆیی دەکەن و بە جلی کوردییەوە سەیری تۆپی پێ دەکەن و هاندەری هەڵبژاردەی دڵخوازی خۆیان دەبن.

 

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی ئادار، لە گوندی دیوەزناوی سەر بە کامیاران لە دەڤەری هەورامان، لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتی تۆپی پێی "جامی تاف"، کە جامێکی ناوچەییە و بە سەرکەوتنی تیپی "قەڵای شاهۆ" بەسەر تیپی "ئەرخەوان"دا کۆتایی هات، ژنان بەشدارییەکی بەرچاویان کرد و لە نزیکەوە بە جلی کوردی و هەوای نەورۆزەوە سەیری پاڵەوانێتییەکەیان کرد.

 

بە تەماشاکردنی ئەم دیمەنانە، هەموو بینەرێک لەوە تێدەگات کە جیاکاریی ڕەگەزی بەرهەمێکی هاوردەکراوە بۆ ئەم هەرێمە و بەبێ دەستێوەردانی هێزەکانی حکومەت تەنانەت لە یارییەکی تۆپی پێشدا جێبەجێ ناکرێت، شایانی باسە پێشتر گرتە ڤیدیۆییەکانی گوندی دیوەزناو و یاریگای تۆپی پێ و ڕووباری سیروان لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پێشوازییەکی زۆر باشیان لێکرا.