لە هەر دە خولەکێکدا منداڵێک لە یەمەن دەمرێت

دوای زیاتر لە نۆ ساڵ شەڕی بەردەوام لە یەمەن، زیاتر لە ٢٠ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس بە دوای خۆراکی ڕۆژانەدا دەگەڕێن و لە هەر دە خولەکێکدا منداڵێک بەهۆی برسێتیەوە دەمرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

یەمەن بە یەکێک لە هەژارترین وڵاتان دادەنرێت، دانیشتوانەکەی ڕووبەڕووی بارودۆخی سەختی مرۆیی بوونەتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ و تێکچوونی بارودۆخی ئابووری، کە هەزاران دانیشتووی یەمەن ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان دابین بەکەن.

 

ڕێکخراوی فریاگوزاری ئیسلامی، دوێنێ لە بەیاننامەیەکدا، پشتڕاستی کردەوە کە دوای ٩ ساڵ لە شەڕی بەردەوام لە یەمەن، ڕێژەی بەدخۆراکی بەرزترین ڕێژەی تۆمارکردووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر دە خولەک جارێک منداڵێک بەهۆی برسێتیەوە دەمرێت.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئێستا یەمەن لەگەڵ بەردەوامی شەڕەکەدا ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی ئاسایشی خۆراک بووەتەوە لە جیهاندا، هاوکات بە یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی ناوچەکە دادەنرێت، کە زیاتر لە 20.7 ملیۆن کەس تووشی ئازاری گەڕان بەدوای خۆراکی ڕۆژانەیاندا دەبن .

 

ڕوونیشی کردەوە، لە ئەنجامی شەڕی بەردەوام و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکان و داڕمانی ئابووری و کەمبوونەوەی بودجە و هاوکارییە مرۆییەکان، برسێتی لە یەمەن بەردەوامە و زۆرێک لە خێزانەکان ناتوانن سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان بەدەست بهێنن.

 

لە بەیاننامەکەدا ڕوونیکردەوە، بەدخۆراکی لە وڵاتدا ڕوو لە هەڵکشان دەکات ١٧.٥ ملیۆن کەس بەدەست نەبوونی خۆراکەوە دەناڵێنن و نزیکەی ٪٨٠ی دانیشتوانەکەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، هەروەها نرخی خۆراکی سەرەتایی بە خێرایی بەرز دەبێتەوە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە خێزانەکان نەتوانن توانای کڕینیان هەبێت.

 

لە بەیاننامەکەدا پشتڕاستیکردەوە کە تیمەکانیان لە یەمەن کاردەکەن و لە ١٥٩ ناوەندی خۆراکدا جێگیرکراون، زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی ئەو منداڵانەیان ئاشکرا کردووە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە نزیکەی ١١ ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلەی مرۆیی هەیە، کە ٣.٢ ملیۆنیان منداڵان کە ڕووبەڕووی بەدخۆراکی توند و برسێتی دەبنەوە، ئەم ژمارەیەش بەرزترینە لە جیهاندا.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئەگەری زۆرە ڕێژەی بەدخۆراکی لەماوەی ئەمساڵدا خراپتر بێت بەهۆی ئاستی ترسناکی برسێتی لەنێو دانیشتووان بەتایبەت لەنێو منداڵان و ژناندا، بەو پێیەی خەمڵاندنەکان نزیکەی ٢.٧ملیۆن ژن و ٥ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ پێویستیان بە چارەسەرە بۆ بەدخۆراکی.

 

ڕێکخراوەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکان کردووە، قەیرانی مرۆیی یەمەن لەبیر نەکەن، هەروەها دابینکردنی بودجەی بەپەلە بۆ وەڵامدانەوەی مرۆیی مسۆگەر بکەن، جەختیشی لەوە کردەوە، ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە پشتگوێخستنی دۆخی مرۆیی یەمەن، ئەوا تێکچوونی لە یەمەن زیاتر دەبێت.