"زیندانەکانی ئێران بوونەتە گۆڕەپانی کوشتنی بەکۆمەڵ"

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەکرد ساڵی ڕابردوو ٨٥٣ کەس لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون و هۆشداریی لە "بەکارهێنانی لە سێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیاسی" داوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی لە ژێر ناوی 'مەهێڵن بمانکوژن' بڵاوکردەوە و ڕەوتی زیادبوونی سزای لەسێدارەدان لە ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا شیکردەوە، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بە زیادبوونی ئەو کەسانە کرد کە لە سێدارە دراون.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی نێودەوڵەتی بەهێز بۆ ڕاگرتنی 'هەڵکشانی سزای لەسێدارەدان' کە بەرامبەر بە زیندانەکانی ئێرانی کراوە.

 

بە ئاماژەدان بە زیادبوونی ژمارەی لە سێدارەدراوان لەسەر تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان، ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، ٤٨١ لەسێدارەدان واتە زیاتر لە نیوەی کۆی گشتی ٨٥٣ لەسێدارەدان کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا تۆمارکراون، بۆ تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان ئەنجام دراون، ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئێران لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیاسی بەکاردەهێنێت.

 

هەروەها ئەم ڕاپۆرتە باس لە سزای لەسێدارەدانی منداڵان دەکات، کوڕێکی تەمەن ١٧ ساڵ و چوار گەنج کە لە کاتی تاوانەکەدا تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە سێدارە دراون.

لە دوای ئەو ڕاپەڕینەی ئەم دواییە کە لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا، دەرکەوت دەسەڵات چۆن بە سزای لە سێدارەدان بۆ هاندانی تیرۆر لە نێو خەڵک و چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان کەڵک وەردەگرن.

 

دیانا تەهاوی، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، وتی: سزای لەسێدارەدان لە هەر بارودۆخێکدا قێزەونە، بەڵام جێبەجێکردنی بەکۆمەڵ لەسەر تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان دوای دادگاییکردنی لەڕادەبەدەر نادادپەروەرانەیە، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە، ئەو سیاسەتە کوشندانەی کە کۆماری ئیسلامی لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا پەیڕەوی دەکات، بەشدارە لە فراوانکردنی سووڕی هەژاری و نادادپەروەری سیستماتیکی و زیاتر هەڵاواردن لە دژی پێکهاتە پەراوێزخراوەکان، بەتایبەتی نەتەوەی بەلووچ گۆشەگیرکراو لە ئێراندا پەرەپێدەدات.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجامە ترسناکەکان سەبارەت بە هێرشە بەردەوامەکانی سەر مافی ژیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە جەخت لەسەر پێویستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەنەوە بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی دەستبەجێ لەسێدارەدانەکان ڕابگرن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، لە ساڵی ڕابردوودا، ئەوان ئاگاداربوون کە ڕێژەیەکی زۆر لە زیندانیان لە سێدارە دراون، بە بیانوی جیاواز و تۆمەتی وەک، سوکایەتیکردن بە پێغەمبەر، لادان لە بیرو باوەڕەکەی هەروەها جگە لە تۆمەتە ناڕوونەکانی وەک، شەڕکردن دژی خودا یاخود بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی لەوەکردووەتەوە کە دادگاکانی ئێران سەربەخۆیییان نییە و لەژێر کاریگەریی دامەزراوە ئەمنییەکان و ئیتلاعاتییەکان کاردەکەن و بە شێوەیەکی ڕۆتینی دانپێدانانی زۆرەملێ کە بە ئەشکەنجەدان لە دادگاییکردنی نادادپەروەرانەدا بۆ دەرکردنی سزاکان بەکاردەهێنن.