لەسەر بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان لە سلێمانی هۆشداری دەدرێت

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەسەر بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان لە پارێزگای سلێمانی هۆشداری دەدات و دەڵێت" وابڕوات ناچارین رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و ئازادی ڕۆژنامەنووسی ئاگاداربکەینەوە".

لەسەر بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان لە سلێمانی هۆشداری دەدرێت

سلێمانی 

 

لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەگەری ‌و مافی ڕۆژنامەنووسان لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان

لەبەیننامەیەکدا سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان لە پارێزگای سلێمانی هۆشداری دەدات، لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ژمارەیەک سکاڵا و پەیوەندی ڕۆژنامەنووسانی پارێزگای سلێمانی ئاڕاستەی لیژنەی داکۆکی کراوە، کە هەست بە مەترسی بۆ سەر ژیان و کەسایەتییان دەکەن، ماوەیەکە هەڵمەتێکی ترسناک و فۆڕمێکی ترسناکی پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە پارێزگای سلێمانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەبینرێت، کە بریتیە لە ڕفاندن و دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەرماڵی ڕۆژنامەنووسان".

 

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە، "لە هەمان کاتدا چەندین پێشێلکاری تر لە ناوچە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان، ئەمە جگە لەوەی مەترسیەکی گەورەیە بۆسەر پڕۆسەی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری و پێشێلکردنی تەواوی یاسا ناوخۆیی ونێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەئازادی ڕۆژنامەنگەری و پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، ترس و دڵەڕاوکێیی لای ڕۆژنامەنووسان دروست کردوە و دەڵێن مەترسی لەسەر لەژیانمان هەیە".

 

لیژنەکە لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دەڵێت: "ئێمە لە لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان داوا دەکەین هەرچی زووترە ئەم جۆرە ڕەفتارانە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کۆتایی پێ بهێنرێت، بەپێچەوانەوە ناچار دەبین ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و ئازادی ڕۆژنامەنووسی ئاگاداربکەینەوە".