لە سیمینارێکدا باسکرا توندوتیژی دژی ژنان ڕەگی مێژووی هەیە

لە دەڤەری ڕاپەڕین سیمینارێک بە ناونیشانی “لە دژی داگیرکاری و خیانەت، ژن ژیان ئازادی” پێشکەشکرا و باس لە هۆکارەکانی پشت توندوتیژی دژی ژنان کرا.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- لە چوارچێوەی چالاکییەکان بۆ ٢٥ی نۆڤەرمبەر، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان سیمینارێکیان بە ناونیشانی “لە دژی داگیرکاری و خیانەت، ژن ژیان ئازادی بۆ ژنانی شاری ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین پێشکەشکرد.

 

سیمینارەکە لەلایەن مامۆستا و چالاکوان شادی سەمەد پێشکەشکرا و باس لە توندوتیژی و هۆکارەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان کرا، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسەکەمان مامۆستا شادی وتی: سیمینارەکەم دەربارەی توندوتیژی دژ بە ژنان و هۆکار و چارەسەرەکان بوو، بە خۆشحاڵییەوە کۆمەڵێک ژن لێرە ئامادە بوون، بە هیوای ئەوەی بتوانین چارەسەریەکان دژ بە ژنان بخەینەڕوو، لە هەر کۆمەڵگەیەک توندوتیژی زۆری تێدابوو، ئەو کۆمەڵگەیە بەرەوپێش ناچێت لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییەوە.

 

شادی سەمەد وتیشی: توندوتیژی بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵام ژنانی کورد زۆر ئازا بوون و پێشەنگایەتی شۆڕشیان کردووە، لە ئێستادا بە هەمان شێوە دەبینین ژنان پێشەنگایەتی شۆڕش دەکەن و جیهان شانازی بە ژنی کوردەوە دەکات.

 

هانا شەیدا، خوێندکارێکە و لە سیمینارەکەدا بەشداری کردووە، وتی: تێگەیشتم کە ژن تاکێکە و بێ ئەو ژیان نابێت، دەتوانین بڵێین ژن، ژیان، ئازادی واتای کە ژن نەبێت ژیان نابێت، لێرە باسی هێزەکانی ژن دەکەین دەبینین ئەو گەریلایانەی لە شاخەکانن چۆن دەتوانن پارێزگاری لە خۆیان بکەن، چۆن دەتوانن بە پەروەردەکردنی ناخی خۆیان زاڵبن و بەرەنگاری توندوتیژیەکان ببنەوە، ئێمەش بە هەمان شێوە دەتوانین.