UNHCR: پەڕینەوە لە دەریای ئیجەدا مەترسیدارە ئەمساڵ ٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە

کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەربارەی پەڕینەوە لە دەریای ئیجە لە تورکیاوە بەرەو ئەوروپا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و خستیەڕوو کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی ٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە بەهۆیەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

نووسینگەی کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران-UNHCR  لە یۆنان لە تویتێکدا دەربارەی یەختە ژێرئاوکەوتووەکەی دوێنێی دەریای ئیجە، کە ٨٠ کەسی تیادابوو، ڕایگەیاند، "هەواڵێکی زۆر دڵتەزێن لە دەریای ئیجەوە: دەیان کەس بێسەروشوێنن دوای ئەوەی چوارشەممە بەلەمێک لە دوورگەی ڕۆدس نوقم بوو."

 

دوێنێ ١٠ی ئاب، یەختێک کە ٨٠ کەسی هەڵگرتبوو لە وڵاتی تورکیاوە بە ئیجەدا بەرەو وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێکەوت، بەهۆی ژێرئاو کەوتنەوە ٥١ کەس بێسەروشوێن بوون و ٢٩ کەس ڕزگارکرا، UNHCR  دەڵێت: ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی گەڕان و رزگارکردن لە ئارادایە.

 

بە گوێرەی هەواڵەکان، پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنێکی فریاگوزاری ئاسمانی و دەریایی توانیویانە ٢٩ کەس لە ئاوەکانی نێوان ڕۆدس و کریت ڕزگار بکەن کە هەموویان پیاو بوون و خەڵکی ئەفغانستان و عێراق و ئێرانن.

 

لەمساڵدا زیاتر لە ٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە

بەپێیUNHCR  لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٦٠ کەس لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە، بەهۆی مەترسیداری پەڕینەوە لە دەریای ئیجە لە نێوان دوورگەکانی یۆنان و کەناراوەکانی تورکیادا ژیانی زۆرێک لە کۆچبەران و پەنابەران لەناو یەختەکاندا دەکەوێتەوە مەترسییەوە.

 

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی کۆچبەری نێودەوڵەتی، لە مانگی یەکەوە تا ئێستا ٦٤ کەس لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢١دا ١١١ کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

بەپێی هەژماردنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ڕابردوو سێ هەزار و ٢٣١ کۆچبەر وپەنابەر لەناو دەریای ناوەراستدا گیانیان لەدەستداوە یاخود بێسەروشوێن بوون، بۆ ئەمساڵیش ٩٤٥ کەس تۆمار کراوە.

 

ژمارەی کۆچبەران کە لە دەریای ناوەڕاستەوە کۆچیان کردووە

بەپێی ئاماری UNHCR ساڵی ٢٠٢٢، ٧٠ هەزار و ٣٢٥ کۆچبەر توانیویانە بگەنە ئەوروپا، لەو ژمارەیەش ٦٥ هەزار و ٥٤٨ پەڕینەوەی تاکەکەسی لە دەریای ناوەڕاستدا تۆمارکراوە.

 

لە ساڵی ٢٠٢١دا، ١٢٣ هەزار و ٣٠٠ کەس ڕوویان لە ئەوروپا کردووە.

لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٩٥ هەزار و ٨٠٠ کەس کۆچیان کردووە.

لە ساڵی ٢٠١٩دا ١٢٣ هەزار و ٧٠٠ کەس کۆچیان کردووە.

لە ساڵی ٢٠١٨شدا ١٤١ هەزار و ٥٠٠ کەس کۆچیان کردووە.