میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-١٢هەمین فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە، بە ئامادەبوونی بەشداربووان و بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ، بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە. فێستیڤالەکە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە ماوەی ئەم چوار ڕۆژەدا چەندین چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت.
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، لەبارەی دەستپێکردنی فێستیڤالەکەوە وتی: فێستیڤالەکەمان بەڕووی گەشتیاراندا کردەوە و پێشوازی لە میوانان دەکەین. پێیان دەڵێین ئێوە خاوەنی هەڵەبجەن و ئێمە لێرەین بۆ خزمەتکردنتان. چەندین چالاکیی جۆراوجۆرمان ئامادە کردووە و پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆش کۆنسێرتی گۆرانی و مۆسیقای هونەرمەندان و چالاکیی تری جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت».
ئاماژەی بە تایبەتمەندییەکانی فێستیڤاڵی ئەمساڵیش کرد و وتی: ئەوەی ئەمساڵ لە ساڵانی ڕابردوو جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە فێستیڤالەکە زیاتر گرنگی بە ژینگە دەدات، هەروەها بۆ هاندانی خاوەن کەپرەکان، بڕیارمان داوە گرنگی بە پاکوخاوێنی و جوانیی دیکۆری کەپرەکان بدرێت، بۆ ئەوەی سەرنجی گەشتیاران ڕابکێشرێت، هەرچەندە ساڵانە لە هەرێمی کوردستان فێستیڤالی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن، بەڵام یەکێک لە شانازییەکانیان ئەوەیە کە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە ڕەنگدانەوەی کولتوور و ناسنامەی ناوچەکەیە، هەروەها، تیمی هاتوچۆ بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆی گەشتیاران ئامادە کراوە و هیواخوازە کە کەشوهەواش یارمەتیدەر بێت بۆ سەرکەوتنی ڤیستیڤالەکە.
سەبارەت بە شوێنی مانەوەی گەشتیاران، چیا قاسم ڕوونی کردەوە کە تیمەکانی خزمەتگوزاری لە ١٦ تیم پێکهاتوون و سەرجەمیان لە ئامادەباشیدان، بە وتەی ئەو، زیاتر لە هەزارو ٦٠٠ شوێن بۆ مانەوەی گەشتیاران لەبەرچاو گیراوە، ئەمەش هەلێکی زیاتری بۆ دابینکردنی دەرفەتی کار لە هەڵەبجە ڕەخساندووەو فرۆشتنی هەنار لە گەڕەک و کۆڵانەکانی هەڵەبجەدا، لە ماوەی فێستیڤالەکەدا، بەشێکە لە چاڵاکییەکانی ئەم بۆنەیە.
ژنان و بەرهەمە ناوخۆییەکان لە فێستیڤاڵەکەدا
ژنانیش بەشێکی گرنگی فێستیڤاڵەکەن و لە ڕێگەی بەشدارییەکەیانەوە، بەرهەمە دەستی و خۆماڵییەکانیان پیشان دەدەن.
ئەسرین محەممەد، خاوەنی بەرهەمە خۆماڵییەکانی باخەکانی عەنەب، کە بەشداری فێستیڤاڵەکەی کردووە، وتی: هەناری هەڵەبجە بەناوبانگە و زۆربەی ساڵان بەشداریی فێستیڤاڵەکە دەکەین. ئەمساڵیش هیوادارین خەڵک سەردانمان بکەن. تەنانەت ئەگەر هیچ شتێکیش لە ئێمە نەکڕن، دەتوانن لەگەڵ بەرهەمەکانمان وێنە بگرن.
ئەم فێستیڤاڵە، لەگەڵ ناساندنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و ڕاکێشانی گەشتیاران، دەرفەتی کار بۆ باخەوانان و جوتیاران زیاتر دەکات و دەرگایەکی ئابووریی گرنگ بەڕووی دانیشتووانی هەڵەبجەدا دەکاتەوە.
ژیان ئەحمەد، خەڵکی شاری هەڵەبجە، کە خۆیان باخی هەناریان هەیە وتی: خێزانەکەمان ساڵانە خەریکی کشتوکاڵی هەنارین. هاوژینەکەم ئاوی باخەکەمان دەدات و ئێمەش بەرهەمەکانی کۆدەکەینەوە، لە هەنارەوە بەرهەمی جۆراوجۆر، وەک دەنک و تووی هەنار و شەربەت، دروست دەکەین و لە ڤیستیڤاڵەکانیشدا بەشداری دەکەین، بەرهەمەکانمان تەنها لە فێستیڤاڵدا نافرۆشرێن، بەڵکو خەڵک لە ماڵەوەش سەردانیان دەکەن و هەنار و شەربەتەکانیان دەکڕن، بە وتەی ئەو بەرهەمەکانیان ناسراون و تەنانەت بۆ دەرەوەی هەڵەبجەش دەنێردرێن.
نیشتیمان جەمیل گەرمیانی باس لە ڕۆڵی ژنان لە کاروباری کشتوکاڵ کردو وتی: ژنان بە شێوازێکی جیاواز و بە ڕێکخستن و سیستەمێکی باشتر کارەکان بەڕێوە دەبەن، کارەکەمان باخدارییە و ئەگەر من بەو شێوەیە هاوکاری هاوژینەکەم نەبم و کار نەکەم، ناتوانین بەرهەمەکانمان بەو شێوەیە بەرهەم بهێنین.
نیشتیمان ئاماژەی بەوەشکرد کە لە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجەدا سەلیقەو داهێنانی ژنان لە ڕازاندنەوەو پێشکەشکردنی بەرهەمەکاندا بەڕوونی دەردەکەوێت وتی: ژنان وردەکارییەکان بە جوانی دەبینن و توانای ئەوەیان هەیە بە شێوازێکی تایبەت و جیاواز بەرهەمەکان ڕازێننەوە و سەرنجی سەردانکەران ڕابکێشن.




