دوو چالاکوانی دیاری مافەکانی ژنانی لە شاری سنە ئازاد کران
دەزگای دادوەریی ئێران، دوو چالاکوانی دیاری مافەکانی ژنانی لە شاری سنە بە ناوەکانی گوڵاڵە وەتەندۆست و سوهەیلا مەتاعی، پاش ماوەیەک لە بەندکردنیان بە تۆمەتی "پروپاگەندە دژی دەسەڵات" بە بەستنی پێوەنی ئەلیکترۆنی ئازاد کرد.
ناوەندی هەواڵ
بە گوێرەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، گوڵاڵە وەتەندۆست، پارێزەری پلەیەک و خەڵکی مەریوان، لەگەڵ سوهەیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بە بەستنی ئەم پێوەنە ئەلیکترۆنییە لە زیندان هاتوونەتە دەرەوە.
کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم دوو چالاکوانە پێشتر لە کۆتاییەکانی مانگی ئایاری ئەمساڵدا، بۆ جێبەجێکردنی سزاکانیان ڕەوانەی زیندانی ژنانی شاری سنە کراون.
گۆڵاڵە وەتەندۆست پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە تۆمەتەکانی "هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی پێکهێنان یان بەڕێوەبردنی گرووپ"، "کۆبوونەوە و هاودەستی دژی ئاسایشی نەتەوەیی" و "پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات"، سەرجەم سزای حەوت ساڵ و شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو. هاوکات سوهەیلا مەتاعیش بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات" سزای شەش مانگ بەندکردنی بۆ بڕابووەوە.