دوای فشارەکانی هەڵمەتی سێشەمەکان ٣٢ وڵات داوای ڕاگرتنی لەسێدارەدان دەکەن
لە ١٣٤ـەمین هەفتەی خەباتیدا، هەڵمەتی “سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە ٦٠ زیندان مانگرتنی ڕاگەیاندو ٣٢ وڵاتیش داوای ڕاگرتنی لەسێدارەدان لە ئێران دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
لە ١٣٤ـەمین هەفتەی خۆیدا هەڵمەتی “سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” دژ بە سزای لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: هەڵمەتی “سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە ١٣٤ـەمین هەفتەی خەباتی خۆیدا لە ٦٠ گرتووخانەی جیاوازی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا دەستیان کردووە بە مانگرتنی گشتیی لە خواردن.
هاوکات لەگەڵ ڕێزلێنان لە یاد و ناوی گیانبەختکردووانی سیاسیی هاوینی ١٩٨٨ کە لەلایەن جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتدەری پێشووی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە وەک “تاوانکاری دژی مرۆڤایەتی” ناسێنراوە، تیشک خراوەتە سەر بەردەوامی و توندتربوونی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە.
بەپێی ئاماری بڵاوکراوەی هەڵمەتەکە، لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوو تا ئێستا لانی کەم ٣٩ زیندانیی سیاسی لەسێدارە دراون، لەوانەش لەسێدارەدانی دوو خۆپیشاندەری ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە بە ناوەکانی شەهرام سادقی و محەمەد ئەفروختە کە لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا لەسێدارە دراون.
ئاماژە بەوەش کراوە، فشار و ڕاپۆرتە بەردەوامەکانی هەڵمەتەکە و ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان وایکردووە ٣٢ وڵاتی جیهان لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا داوای ڕاگرتنی بەپەلەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بکەن.
هەروەها ئەندامانی هەڵمەتەکە داوایان لەو وڵاتانە کردووە کە بۆ ئەوەی داواکاریی ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان کاریگەر بێت، تەواوی پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێراندا ببهستنهوه بە ڕاگرتنی سەرجەم لەسێدارەدانەکانەوە.
لەم هەفتەیەدا ژمارەی ئەو زیندانانەی مانیان لە خواردن گرتووە گەیشتووەتە ٦٠ گرتووخانە لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەوانە زیندانەکانی ئەوین، قزلحسار، ورمێ، سنە، مەریوان، مەهاباد، سەقز، بانه و کرماشان کە بەشداری لە مانگرتنەکەدا دەکەن.
جێگای ئاماژەیە، هەڵمەتی “سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ وەک ناڕەزایەتییەک دژی لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دامەزرا، کە هەموو ڕۆژانی سێشەمەیەک ئەندامانی هەڵمەتەکە دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن