دەستەی ژنانی دەم پارتیی لە ڕۆژاوای کوردستان دەستی بە دیدارەکان کرد
ئەمڕۆ، دەستەی ژنانی باکووری کوردستان کە لە نوێنەرانی بوارەکانی بەڕێوەبردنی خۆجێیی دەم پارتیی پێکهاتووە، لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد و جیهان حەسەن دیداریان ئەنجام دا.
قامیشلو
دوێنێ، دەستەیەکی ژنان لە باکووری کوردستان کە لە نوێنەرانی بوارەکانی بەڕێوەبردنی خۆجێیی پارتیی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان دەم پارتیی پێکهاتووە، گەیشتنە ڕۆژاوای کوردستان.
دەستەی دەم پارتیی لە دڤریم دەمیر، هاوشارەداری شارە گەورەی مێردین و هاوبەرپرسی کۆمسیۆنی دیپلۆماسیی بەڕێوەبردنە خۆجێییەکان، سەفیە ئەکداگ، هاوشارەداری یەنیشەهیر (ناوچەی ئامەد)، سەڤیم بیچیجی، هاوشارەداری فارقین (ناوچەی ئامەد)، بەلکیزە بەشتاش ئەپۆزدەمیر، هاوشارەداری تەتوان و ڕوکەن دەمیرەر، ئەندامی کۆمسیۆنی دیپلۆماسی، پێکهاتووە.
شایانی بیرخستنەوەیە کە ئەمە یەکەم جارە دەستەیەکی ژنان لە بەڕێوەبردنە خۆجێییەکانی باکووری کوردستانەوە بەرەو ڕۆژاوا دەچن.
دەستەکە ئەمڕۆ لەگەڵ سیاسەتمەداری کورد ئیلهام ئەحمەد و بەڕێوەبەری هەرێمی قامیشلو جیهان حەسام دیداری کرد. هەردوو دیدارەکە بە دوور لە میدیا ئەنجام دران.
دەستەکە دەستەگوڵێکی لە گوڵە سروشتییەکان پێکهێنرابوو، بە دیاری بە ئیلهام ئەحمەدیان پێشکەش کرد.
دواتر لە بینای هەرێمی قامیشلو و دوای کۆبوونەوەی داخراوی نێوان جیهان حەسام و دەستەکە، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەچوو.
جیهان حەسام لە سەرەتا بە خۆشحاڵیی خۆی بە هاتنی هاوشارەدارەکان لە باکووری کوردستانەوە بۆ ڕۆژاوای کوردستان دەربڕی و سڵاوی خۆی بۆ شارەوانییەکانی شارەکانی باکوور نارد و وتی: «خۆشحاڵی و شور و شەوقی ئێوە لەگەڵ ئێمە بەشدار بوو، ئێمەش دووبارە لەگەڵ گەلەکەمان بەشیدەکەین.»
دواتر دڤریم دەمیر، هاوشارەداری شارە گەورەی مێردین و هاوبەرپرسی کۆمسیۆنی دیپلۆماسیی بەڕێوەبردنە خۆجێییەکان، سەبارەت بە ئامانجی هاتنیان بۆ ڕۆژاوا قسەی کرد.
بە شەوق و حەماسەوە ئەمڕۆ میوانی ڕۆژاوای کوردستانین
دڤریم دەمیر وتی ئەوان ئەمڕۆ زۆر بە شەوق وجۆشو خرۆشن، چونکە بوونەتە میوانی ڕۆژاوای کوردستان و وتی: «ئێمە لە دەروازەی سنووری گری سپییەوە چووینە ڕۆژاوای کوردستان. ئەمڕۆ دەستمان بە دیدارەکانمان کرد. بۆ چەند ڕۆژێک بە تایبەتی لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی خۆجێیی، لەگەڵ شارەوانی و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان دیدارەکانمان بەردەوام دەکەین. لەگەڵ ئەو خۆشحاڵییەی کە هەمانە، حەز دەکەین مۆدێلی بەڕێوەبردنی خۆجێیی لە ڕۆژاوای کوردستان بناسین و بزانین بە چ ڕێگا و شێوازێک بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان خۆیان ڕێکخستووە. وەک هەموو جیهانێک، چاوی ئێمەش لە ڕۆژاوا بوو بەو گەشەسەندنەی ڕوویدا و گەشەسەندنە سیاسییە نوێیەکان کە لەگەڵ پرۆسەی یەکخستن بەڕێوەدەچێت؛ ئەوەی پێکهاتەکانی ڕۆژاوای کوردستان و دامەزراوەکانی چۆن خۆیان ڕێکخستووە. ئەو گۆڕانکارییەی لە میکانیزمی خۆڕێکخستن و خۆبەڕێوەبردندا دروست بووە، هەمووی بۆ ئێمە جێی پرسیار و حەزکردن بوو.»
ناسیین ڕێگا بۆ هاوکاری و پڕۆژە هاوبەشەکان دەکاتەوە
دڤریم لە درێژەی قسەکانی خۆیدا ڕوونی کردەوە: «هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی دیدارەکانمانەوە وەڵامی پرسیارەکانمان بدۆزینەوە و بناسین، بۆ ئەوەی بتوانین بزانین لە ئێستا و داهاتوودا لەنێوان باکوور و ڕۆژاوای کوردستان و بە تایبەتی لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی خۆجێیی، چۆن دەتوانین هاوکاری بکەین و کار و پڕۆژەی هاوبەش لەسەر چ پێویستی و بنەمایەک بەیەکەوە بەڕێوە ببەین. بۆیە ئەم سەردانە و ناسینی میکانیزمی بەڕێوەبردن و ناسینی ناوەڕۆکی دامەزراوەکان بۆ ئێمە گرنگە. چونکە ئەم ناسینە ڕێگامان بۆ دەکاتەوە و نیشانمان دەدات چۆن دەتوانین کارێکی هاوبەش بەڕێوە ببەین.
ئەزموونەکانی ڕۆژاوا بۆ باکووری کوردستان زۆر بە نرخ و بەهادارە
دڤریم ئاماژەی بەوە کرد کە ئەزموونەکانی ڕۆژاوا بۆ باکووری کوردستان زۆر بە نرخ و بەهادارە و وتی: «ئەزموونێکی ٢٥ ساڵە لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی خۆجێیی لە باکووری کوردستان هەیە کە دەتوانێت زۆر هێز بە بوارەکانی بەڕێوەبردنی خۆجێیی لە ڕۆژاوای کوردستان بدات. چونکە سیستەم و ڕێکخستنێک دامەزراوە. بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە ئەو دەرفەتانەی بنەمای کاری بوارەکانی بەڕێوەبردنی خۆجێیی لە ڕۆژاوای کوردستان بەگوێرەی خواست و پێویستییە کۆمەڵایەتییەکان ڕێکبخرێن، نەهاتبوونە بوون. بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ پرۆسەی نوێ و دروستبوونی دەرفەتی نوێ، دەتوانین لە ئەزموونی باکووری کوردستانەوە هێز بە ڕۆژاوای کوردستان بدەین، بۆ ئەوەی بتوانن ئەم ژێرخانە دروست بکەن و بوارەکانی بەڕێوەبردنی خۆجێیی بە شێوەیەکی ڕێکخراو ڕێکبخەن.»
«کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان بۆ هاوکاری و هاوبەشی گرنگە»
دڤریم جەختی کردەوە کە ئەوان دیدارەکانیان لە ڕۆژاوا بەردەوام دەکەن و کۆنفرانسەکەی ڕۆژنامەوانی بەوە کۆتایی هێنا: «هیوادارین بە دەستکەوتێکی بەهێز بگەڕێینەوە بۆ باکووری کوردستان. دەمانەوێت لە ماوەیەکی نزیکدا پێشوازی لە ڕۆژاوای کوردستان لە باشووریش بکەین. بۆیە داوا لە هەموو لایەنە بەرپرسیارەکان دەکەین دەروازە سنوورییەکان بکرێنەوە و هاتوچۆی باکوور ئاسانتر بکرێت. بۆ ئەوەی لە بوارە کۆمەڵایەتییەکە، بەڕێوەبردنە خۆجێییەکان و هەموو بوارەکانی تری ژیاندا هاوکاری و هاوبەشی دروست بکرێت، کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان زۆر گرنگە.»
دیدارەکانی دەستەکە لە ڕۆژاوای کوردستان بەردەوام دەبن.
https://youtu.be/ZxIKpC58HM0?si=Wth-FmrfWfdG0leO