سلێمانی، شاندێکی هەدەپە بەدواداچوون بۆ تیرۆرکردنی پەنابەرێکی باکوری کوردستان دەکەن

شاندێکی هەدەپە کە پێکدێت لە پەرلەمانتارانی هەدەپە و ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە شاری هەولێر، هاتوونەتە شاری سلێمانی و لە بەدواداچوون بۆ گەشتنە سەرەداوێکی تیرۆری، پەنابەری سیاسی باکوری کوردستان زەکی چەلەبی.

سلێمانی

 

شاندێکی هەدەپە کە پێکدێت لە پەرلەمانتارانی هەدەپە و ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە شاری هەولێر، هاتوونەتە شاری سلێمانی و ئەمڕۆ لەگەڵ شاندێکی یەنەکە بە سەرۆکایەتی ئەمین بابەشێخ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەنەکە کۆبوونەوە، ئامانجیشیانە بە زووترین کات بگەنە ئەنجامێک تا بکوژانی زەکی چەلەبی، پەنابەری سیاسی باکوری کوردستان لە شاری سلێمانی بدۆزرێتەوە و سزا بدرێن.

 

دوا بەدوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەنەکە، ئەمین بابەشێخ ئاماژەی بەوەدا کە بەمزووانە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە کوشتنی زەکی چەلەبی بڵاودەکەنەوە.

 

درەنگانێکی شەوی ١٧ی ئایار، زەکی محەمەد چەلەبی، پەنابەری سیاسی باکوری کوردستان و خاوەنی ڕێستۆرانی دەنیز لە شاری سلێمانی، لەلایەن دوو کەسەوە بە ماتۆڕسکیل لە بەردەم ڕێستۆرانتەکەیدا لە شەقامی بەختیاری دەستڕێژی گولەی لێکرا و بریندار کرا، زەکی چەلەبی دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر و چەند نەشتەرگەرییەک بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

تیرۆرکردنەکە لەلایەن میتی تورک و پەدەکەوە ئەنجامدراوە

ئەگەرچی بە فەرمی ئاسایشی سلێمانی هیچ زانیارییەکی لەسەر ڕووداوەکە بڵاونەکردەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی تایبەت بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە کە دوو بکوژەکەی زەکی چەلەبی هەڵهاتوون بۆ شاری هەولێر و وێنەی بکوژەکانیشیان بڵاوکردەوە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە کردەی تیرۆرکردنی پەنابەرە باکورییەکە بە هەماهەنگی میتی تورکیا و پاراستی پەدەکە ئەنجامدراوە.

 

دەوڵەتی تورکیا تا دێت هێرشەکانی زیاد دەکات

تا دێت دەوڵەتی تورکیا هێرش و پەلامارەکانی لە باشوری کوردستان زیاد دەکات و هاوڵاتی مەدەنی و شوێنی گشتی و چیاکانی کوردستان دەکاتە ئامانج، جێی ئاماژەیە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو جار فرۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا گوندی جەلەمۆرد و تووتەقەڵی سنوری شارەدێی ئاغجەلەریان لە چەمچەماڵ بۆردومان کردووە، بەپێی زانیارییەکان پێنج کەس لە بۆردوومانەکەدا گیانیان لەدەستداوە کە ناسنامەی دوانیان ناسراوەتەوە بە ناوەکانی "ئارام حاجی کاکە خان" کە جووتیارە، "ئیسماعیل ئیبراهیم"ە و هەردووکیان دانیشتووی گوندی تووتەقەڵ بوون.

 

لەلایەکی دیکەشەوە نیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا لەناو کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور ئۆتۆمبێلێک کردە ئامانج.