ڕەوشی ژنانی کرێکار لە سیمینارێکدا خرایەڕوو

دەربارەی مافی کرێکاران بە گشتی و کرێکارانی ژنان بە تایبەت پارێزەرێک تەواوی وردەکارییەکانی یاسای کار و مافەکانی کرێکاری لە سیمینارێکدا ڕوونکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ژنان ئاگاداری مافەکانیان بن لە کاتی کارکردندا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ بۆردی ژنانی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لقی سلێمانی سیمینارێکی تایبەت بە "ڕەوشی ژنانی کرێکار و کاردانەوە لەسەر دۆخیان" لەبینای حزبەکە بۆ پارێزەر چرۆ شوانی ڕێکخست و کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیر و چالاکوانان بەشداربوون.

 

لە سیمینارەکەدا دۆخی کرێکاران بە گشتی و ژنان بە تایبەت خرایەڕوو، هەروەها ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر ژنانی کرێکار دەکرێت جگە لەوەش جێبەجێنەکردنی یاساکان و مافەکانیان خرانەڕوو، چرۆ شوانی، لە سیمینارەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، کە ژنان بە گشتی ئاگاداری مافەکانیان نین چ بگات بە ژنانی کرێکار، لەکاتێکدا گرنگە ژنان تاک بە تاکیان ئاگاداری مافەکانیان بن، وەک پارێزەرێکیش پێیوایە ژنان چینی سەرەکی کۆمەڵگان، بۆیە تا ژنان هۆشیارتر بن کۆمەڵگا زیاتر هۆشیار دەبێت.

 

دەربارەی یاسا کار و مافەکانی کرێکار کە یاسایەکی عێراقییە و لە ساڵی ١٩٨٧ دەرکراوە و لە ساڵی ٢٠١٥ هەموارکراوەتە، حکومەتی هەرێمی کوردوستانیش بە هەمان یاسا کار دەکات، لە مادەەی ٨٥ی یاساکەدا باس لە مافەکانی ژنان دەکات، بەڵام ئەو ژنانە نا کە لە کەرتی حکومیدا کار دەکەن ئەگەر بە گرێبەستیش بێت، بەڵکو کرێکارانی کەرتی ناحکومی دەگرێتەوە.

 

چرۆ شوانی وتی: "بەپێی ئەو یاسایە هەردوو ڕەگەز لە ژێر دەستی خاوەن کارێک کار بکات بە بڕێک پارە ئەوە دەبێتە کرێکار، بۆیە پێویستە کرێکارەکە بە گرێبەستێکی نوسراو کار بکات بۆ سەلامەتی خۆی لە کاتی توشبوون بە هەر ڕووداوێک لە کاتی کارکردندا، هەروەها لەناو گرێبەستەکەدا کاتی کارکردن موچە پێویستە هەمووی تۆمار بکرێت"، هەروەها دەربارەی ئەو کرێکارانەی کە دووگیانن، ڕوونیکردەوە کە نابێت کاتی کارکردنیان زیاتر بێت لە کاتی خۆیاندا، یاخود بەپێی یاسا ژنان نابێت لە شەواندا کار بکەن، چونکە ئەرکی خێزانیان لەسەرە جگە لە کاتی پێویستی.

 

لە درێژەی سیمینارەکەدا تەواوی وردەکارییەکانی دیکەی یاساکانی تایبەت بە مافی کرێکاران ڕوونکرایەوە و سیمینارەکە بە گفتوگۆیەکی کراوە کۆتایی هات.