تورکە نەتەوە پەرستەکان بازاڕەکانی باشووری کوردستان دەسووتێنن

“ڕێکخستنی پەیمانی میللی” کە گروپێکی نەتەوە پەرستی تورکن، بەرپرسیاری سووتاندنی بازاڕەکانی باشووری کوردستانن و لە ماوەی دوو مانگدا دوو جار بازاڕی لەنگەی هەولێریان سووتاندووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، بۆ جاری دووەم لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و بە ملیۆنان دۆلار زیانی لە فرۆشیارانی بازاڕەکە داوە.

 

دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە و سووتانی زیاتر لە ٦٠ فرۆشگا، "ڕێکخستنی پەیمانی میللی" کە گروپێکی نەتەوەپەرستی تورکن، لە ڕاگەیاندراوێکدا بەپرسیارێتی خۆیان لە سووتاندنی بازاڕەکە ڕاگەیاندووە و ئاماژەیان بەوە کردووە، "ئاگرمان لە دڵی کوردە ترسنۆکەکان بەردا، لە ١٦ شوێنەوە ئاگرمان لە بازاڕەکە کردەوە و لەناومانبرد".

 

ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر ئاگر لە هەریەک لە بازاڕەکانی ئەحمەد ئاغا لە کەرکوک، لەنگە لە هەولێر و چەلێ لە دهۆک کەوتەوە و گروپەکەش بەرپرسیارێتی ڕووداوەکانی هەر سێ بازاڕەکەیان ڕاگەیاندووە.

 

گروپەکە ئاماژە بەوە دەکەن، "سنوورەکانی پەیمانی نیشتیمانیی وەردەگرینەوە" و ئامانجیان زیندوو کردنەوەی پانتایی جوگرافیای دەوڵەتی عوسمانییە، کە باشووری کوردستان بەشێک بووە لە میساقی میللیی دەوڵەتی عوسمانی.