هۆشداری لە کەمی خۆراک لە سودان دەگاتە قۆناغی پێنجەم

نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە سودان هۆشداری دەدات لەوەی ئاستی کەمی خۆراک لەوانەیە بگاتە قۆناغی پێنجەم.

ناوەندی هەواڵ

 

ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا "RSF" بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێکە بارودۆخی مرۆیی خراپتر کردووە بەتایبەتی لەنێو ئاوارەکاندا لە کاتێکدا زۆرێک لە ناوچەکان ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە لە دابینکردنی پێداویستی مرۆیی.

 

بەپێی پێشبینییەکانی تۆڕی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی برسێتی و ئاگادارکردنەوەکانی ڕزگارکردنی منداڵان، نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە سودان ڕۆژی دووشەممە ٨ی نیسان ڕایگەیاند، پێدەچێت کەمی خۆراک بگاتە قۆناغی پێنجەم لە نێوان خێزانەکان و بەشێک لە دارفۆری ڕۆژئاوا و خەرتووم و لە نێوان ئاوارە و ناوچە سەختەکانی دارفۆر.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەبێ یارمەتی بەپەلە، سودان ڕووبەڕووی قەیرانێک دەبێتەوە کە ئەگەر بەردەوام بێت لەوانەیە نزیکەی ٢٣٠ هەزار منداڵ و دایک بکوژێت، ژمارەی ئاوارەکان لە ناوەوە و دەرەوەی سودان لە سەرەتای شەڕەکەوە گەیشتووەتە زیاتر لە ٨.٢ ملیۆن کەس.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، تەنها لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی پێکدادانە نوێیەکانەوە لە چەند ناوچەیەک ئاوارە بوون گەیشتە نزیکەی ١٠٧هەزار و ٨٠٠ ژن و پیاو و منداڵ.

 

ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر یارمەتییە بەپەلە و ڕزگارکەرەکانی ژیان نەگەیەندرێت، نزیکەی ٢٣٠ هەزار منداڵ و ژنی دووگیان لەوانەیە لە چەند مانگی داهاتوودا بەهۆی برسێتییەوە گیان لەدەستبدەن.