داوای لێکۆڵینەوە لە هەڕەشەکردنی لە سێ ڕۆژنامەنووسی ژن دەکرێت
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە عێراق نیگەرانیی قووڵی خۆی لە ئاست بەرزبوونەوەی شەپۆلی هەڕەشە، هاندان، ناوزڕاندن و تەنگپێهەڵچنی بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ژن دەربڕی و هۆشیاریی لە لێکەوتەکانی بەردەوامیی ئەم پێشێکارییانە.
ناوەندی هەواڵ
سەبارەت بە هەڕەشەکردن لە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە عێراق، کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا کۆمەڵەکە ڕایگەیاند، سێ ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی (د. منار زوبەیدی، بنین ئەیلاس و تەمەنی عیماد سەروی) لەسەر کار و هەڵوێستە ڕۆژنامەوانییەکانیان ڕووبەڕووی پەلاماری ئەلیکترۆنی، ناوزڕاندن و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بوونەتەوە.
جەختیشی کردووەتەوە، ئەم بەئامانجگرتنانە لەلایەن لایەنی دەستڕۆیشتوو و چەکدارەوە ئەنجامدراون و ئامانج لێیان بێدەنگکردنی دەنگە ئازادەکان و سەپاندنی سانسۆرە.
لە کۆتاییدا، کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە عێراق داوای لە دامەزراوە ئەمنی، حکومی و دادوەرییەکان کرد بەپەلە لێکۆڵینەوەی جددی دەستپێبکەن بۆ ئاشکراکردن و سزادانی تۆمەتباران.
هەروەها داوای دابینکردنی پاراستنی پێویستیان کرد بۆ ڕۆژنامەنووسە بەئامانجکراوەکان و خێزانەکانیان تاوەکو هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان نەبنە دەستدرێژیی مەیدانی.