ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٢ی کانوونی دووەم، دامەزراوەی نێرگس محەمەدی زیندانی سیاسیی لە ئێران، کە لەلایەن خێزانەکەیەوە دامەزراوە، لەبارەی دۆخی خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە ڕاگەیەندراوێکی پشتیوانییان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بێدەنگی ڕێگەپێدراو نییە، ئێمە شانبەشانی گەلی ئێران دەوەستین، هێزەکانی ڕژێمی ئێران لە سەرکوتکردنی هاوڵاتییان بەردەوامە و دەستیان کردووە، بە کوشتنی هاوڵاتییانی مەدەنی، وەستانەوە لەگەڵ خەڵک هەڵبژاردنێکی سیاسی نییە، بەڵکو ئەرکێکی مرۆیی و ڕەوشتییە.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، خەڵکی چەوساوە داوای داخوازییە ڕەواکانی خۆیان دەکەن، با بە زیندانیکردن و تەقەکردن وەڵام نەدرێنەوە، ئێمە لەو باوەڕەداین، تەنها بە ڕێگەی شکاندنی بازنەی توندوتیژی و چەوساندنەوە دەگەینە دیموکراسیی و دەستەبەرکردنی مافە مەدەنییەکان، بەرەو داهاتوویەکی ئازاد و یەکسان بۆ هەمووان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوی دامەزراوەی نێرگس محەمەدیدا هاتووە، ئێمە لە پاڵ ئەو خێزانانەدا دەوەستین، کە خۆشەویستەکانیان لەدەست داوە، لەپاڵ ئەو دەستگیرکراوانەی، کە بەبێ ئاگادارکردنەوە لە بەندیخانە و گرتووخانە ئەمنییەکان ڕاگیراون، لە پاڵ ئەو بریندارانەی، کە تەنانەت مافی چارەسەری پزیشکییان لێ سەندراوەتەوەو لە پاڵ هەموو ئەوانەدا، کە داوای مافی ژیانێکی سەلامەت و ئازادیی و دادپەروەری و داهاتوویەکی باشتر دەکەن.




