ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی ڤیانی ژنانی کورد لە ڕوسیا بەیاننامەیەکیان دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان و هاوکارییەکانی پەدەکە بۆ ڕایگشتی خوێندەوە و تێیدا پشتیوانی خۆیان بۆ بەرخۆدانی سەر چیاکان دەربڕی.
تارا قادر، سەرۆکی ڕێکخراوی ڤیان، بەیاننامەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بە هاوکارییەکانی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا کرد و وتی: "ڕوو ڕەشی ماڵی بارزانی و پەدەکە ئێستا زۆر ڕوونە، مێژوو هەرگیز لێیان خۆش نابێت، ئێمەش لە هەموو شوێنێک دژی داگیرکارییەکان دەوەستینەوە، تێکۆشانی ئێمە و شەڕڤانان لە یەک دانەبڕاوە، بۆیە دەبێت بە بەرخۆدانی مێژووی هەبوونی خۆمان بپارێزین".
سەرۆکی ڕێکخراوی ڤیان تیشکی خستەسەر هێرشەکانی سەر شەنگال و وتی: کوردانی ئێزدی بە بەرچاوی جیهانەوە کۆمەڵکوژکران و جیهان بێدەنگ بوو، ئەوانەی شەنگالیان بەجێهێشت دەیانەوێت بگەڕێنەوە و کارەکەیان تەواو بکەن، بەناوی ژنانی کورد لە ڕوسیاوە دەڵێین نە حکومەتی عێراق و نە پەدەکە ناتوانێت لە شەنگالدا فەرمانڕەوایی بکات، کۆمەڵگەی ئێزدیمان ئەو هێزەی هەیە و مافی بەڕێوەبردنی خۆی هەیە.




