یاداشتێک دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەدرێتە سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی عێراق
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی کۆمەڵێک لە چالاکوان، ئەندامی لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتیەکانی شاری سلێمانی یاداشتێکیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرایەتی عێراق کرد و داوایانکرد بنکە و بارەگا سەربازییەکانی تورکیا دەربکرێن و ڕێگری لە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بکرێت.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە بەردەم بینای نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەری دەستەی دژی داگیرکاری و شەڕخوازی کە پێکدێن لە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەندامی لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتیەکانی شاری سلێمانی، گردبوونەوە و یاداشتێکیان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
سەرەتای چالاکییەکە بە ڕێپێوان و وتنەوەی دروشمەکانی "نەخێر بۆ داگیرکاری، بەڵێ بۆ بەڵی بۆ ئاشتی"، "بژی بەرخۆدانی گەریلا" و "سوپای تورکیا بۆ دەرەوە" چوونە بەردەم نوێنەرایەتییەکە و دواتر بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی پاکڕەوان و گەریلا قارەمانەکان چالاکییەکە دەستیپێکرد.
"پێویستە هەمووان ڕێگربین لە داگیرکارییەکان"
بەیاننامەی دەستەی دژی داگیرکاری و شەڕخوازی لەلایەن چرۆ شوانی، پارێزەر و چالاکوان خوێندرایەوە و ئاماژە بەوەکرا کە دەوڵەتی تورکیا لە باکوری کوردستان بەردەوام هەوڵی سەرکوتکاری و دەستگیرکردنی کەسانی ئازادیخواز و پەرلەمانتاران دەدات، بە بەرچاوی جیهانەوە دەستدرێژی دەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان و بەفرۆکەی درۆن و هێزی بەکرێگیراو و چەتەکانی بەرەی نوسرە هێرش و پەلاماریان بۆ سەر تێکۆشەرانی رۆژئاوا بەردەوامە، هەروەها تێیدا هاتووە: ئێستاش بە هەموو توانا سەربازیەکانیانەوە و بە بەرچاوی جیهانەوە درێژە دەدات بە پرۆسەی داگیرکاری لەباشوری کوردستان و لە چەند رۆژی رابردودا هێرشی دڕندانەی کردوەتە سەر دەڤەری ئامێدی و گوندەکانی نێروە و رێکان و زنجیرە چیای مەتینا و ئاڤاشین و بە جۆرەها چەکی قەدەغەکراو بۆردومان دەکات و هەوڵ دەدات بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی لەسەر خاکی باشور.
دەستەکە داواشی کرد هەمووان بە شێوازی مەدەنیانە هەموو رێگاکان بگرنە بەر دژ بە شەڕخوازی تورکیا تا بە فشاری هەمووان بتوانن بەر بە داگیرکاری بگرن.
یاداشتێک ئاراستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی عێراق کرا
دوا بەدوای ئەوە یاداشتی دەستەی دژی داگیرکاری و شەڕخوازی ئاڕاستەی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کرا و لەلایەن فاروق عەبدوڵا خوێندرایەوە، تێیدا باس لە داگیرکاری و پاساوەکانی دەوڵەتی تورکیا کرا بۆ هێرشەکانی ئاماژە بەوەشکرا کە گەلانی عێراق دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیان و بە دەستدرێژی و پێشێلکاری و شەڕخوازی دادەنێن، لە چەند خاڵێکیشدا داوایانکرد:
١ / کۆتایهێنان بەو ڕێکەوتنە ئەمنی و سەربازییەی کە لە سەردەمی دوو حوکمڕانی تورکیا و عێراق کراوە، تایبەت بە چوونە ناو سنووری خاکی یەکترەوە، لەکاتێدا کە ئەمڕۆ نە حکومەتی بەعس ماوە و نە حکومەت و کاربەدەستانی ئەوسای تورکیا و نە هەلومەرجەکەش هەمان هەلومەرجی ئەو ڕۆژگارەیە.
٢ / پێویستە هەر ڕێکەوتنێکی بواری ئابوری بەتایبەتی نەوت و غاز لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا تەواو شەفاف بێت و جێی هیچ بەرژەوەندییەکی حیزبی کوردی یان عەرەبی تێدا نەبێت.
٣/ کۆتایهێنان بە بوونی سەربازگە و خاڵی سەربازی تورکیا لەهەرێمی کوردستان و گێڕانەوەی دەسبەجێی هێزە سەربازییەکانی بۆ دەرەوەی سنوری وڵاتی عێراق.
کۆمەڵێک لە پەرلەمانتارانی عێراق لە نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاداشتەکەیان وەرگرت و ئاماژەیان بەوەدا بە واژۆی ٥٠ پەرلەمانتار کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدرا و وەزیری دەرەوەی عێراق بانگهێشت کرا، باڵیۆزی تورکیاش لەلایەن وەزارەتی دەرەوە بانگهێشت کراوە و ناڕەزایەتیی توندی لەدژی ئەو هێرشانەی پێ ڕاگەیەندراوە.