چالاکوانانی مەخموور: هەرچییەک ڕووبدات تێکۆشانی خۆمان ڕاناگرین

چالاکوانانی کامپی مەخموورلە چالاکی ئیشکگری بەرامبەر گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد، لە چالاکی ناڕەزایەتیدان و ڕایانگەیاند: تا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەبێت، تێکۆشان دەکەن، گرنگ نییە چی ڕووبدات، تێکۆشانی خۆیان ڕاناگرن.

نوپەلدا دەنیز

 

مەخموور - ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئاسایشی باڵای جۆری ئێف لە ئیمرالی لە ژێر بارودۆخی سەختی گۆشەگیریدا ڕاگیراوە و ماوەی ٤٣ مانگە هیچ زانیارییەکی لێ وەرنەگیراوە، هەموو ئەو داواکاریانەی کە لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ەوە لەلایەن خێزان و پارێزەرانەوە پێشکەشکرابوون، بە پاساوی "سزای دیسپلین" بێ وەڵامن یان ڕەتکرانەوە، چالاکیی ئیشکگری لەکامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی"مەخموور" لە ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣ بە ئامانجی مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد،عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکردووەو لە ٤٦١ەمین ڕۆژیدا بەبێ پچڕان بەردەوامە.

 

ئەو ژنانەی بەشدارییان لە چالاکیی ئیشکگری کردووە کە زیاتر لە ساڵێکە لەکامپەکەدا بەردەوامە، سەبارەت بە گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد بۆ دەزگاکەمان قسەیان کرد.

 

"هەرگیز ناتوانن لەڕێبەر ئاپۆ جیامان بکەنەوە"

دایکێک بە ناوی هەوێ ڕایگەیاند،بە تێکۆشان و بەرخۆدانیان ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد دەکەن و وتی: ماوەی ٢٥ ساڵە ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمرالی لە ژێر گۆشەگیرییەکی تونددا ڕاگیراوە و لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا کۆبوونەوە لەگەلیدا نەکراوە، زیاتر لە ساڵێکە کە چالاکیی ئیشکگری لەکامپەکەدا دەستیپێکردووە بەردەوامە، ڕێبەر ئاپۆ هێزێکی زۆری بە هەموو ژنان بەخشی، دوژمن دەیەوێت ڕێبەر ئاپۆ و گەل لەیەک جیا بکاتەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانن لەڕێبەر ئاپۆ جیامان بکەنەوە، وەک ژن دەبێت لە هەموو کاتێکدا لەسەر پێی خۆمان بین و ڕێبەرەکەمان ئازاد بکەین.

 

''تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەکرێت کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر نابن''

لە سەرەتای قسەکانیدا، زەلیخا شرنەخی تیشکی خستە سەر گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: گۆشەگیریی توند لەسەر ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدەن و بەمەش شەڕێکی گەورە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەبەن، هەموو شتێک بەیەکەوە گرێدراوە، کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر نابن تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەکرێت، نزیکەی چوار ساڵە هیچ زانیارییەک لەڕێبەر ئاپۆ وەرناگیرێت و بنەماڵە و پارێزەرانیش نەیانتوانیوە کۆببنەوە، ئێمە وەک گەلی کورد و بەتایبەتی دایکان دەبێت لە بەرامبەر گۆشەگیری و هێرشەکاندا بوەستینەوە.

 

"تا مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشان دەکەین"

زەلیخا شرنەخی بانگەوازی بۆ هەموو گەلی کورد کرد و وتی: دەوڵەتی تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان دەیانەوێت گەلی کورد لەناو ببەن، کەسانێک کە دەنگی ئازادین دەگیرێن و دەکوژرێن، داوا لە هەموو گەلی کورد دەکەین هەستن و تێکۆشانی خۆیان گەورەتر بکەن، تا مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆتێکۆشان دەکەین.

 

"ڕێبەر ئاپۆ ژنانی بەهێز کرد"

زەمێ دەنیز ڕایگەیاند، وەک ژن و دایک قەرزاری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانن و وتی: ڕێبەر ئاپۆ بە بیر و فەلسەفەی خۆی گەلی کوردی ڕێکخستووە، بۆیە گۆشەگیری لەسەرڕێبەر ئاپۆ توندتر دەکەن، لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا هەموو گەل گۆشەگیرە، ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەر گەلی کورد و بەتایبەت ژنان، ڕێبەر ئاپۆ ژنانی بەهێز کرد، ئێمە وەک دایکان قەرزاری ڕێبەر ئاپۆین، ئێمە وەک گەلی کورد هەرگیز دەستبەرداری دۆزی خۆمان نابین.

 

"هەرچییەک ڕووبدات ئێمە تێکۆشانی خۆمان ڕاناگرین"

زەمێ دەنیز بەمشێوازە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: ئەم چالاکییە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە، تا ئازادی جەستەیی مسۆگەر بێت، تێکۆشان دەکەین، ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە دوژمن ناترسین، گرنگ نییە چی ڕووبدات، ئێمە تێکۆشانی خۆمان ڕاناگرین.