بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە تەعز خێرا بووەو هۆشداری لە شەپۆلێکی نوێ دەدرێت
بەرپرسی ڕاگەیاندن لە فەرمانگەی تەندروستی تەعز ئاشکرای دەکات، تەنها لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ژمارەی گومانلێکراوەکانی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و ٤٧٤ کەیسی زیاد بووە.

یەمەن
شاری تەعز لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن، هاوکات هۆشدارییە تەندروستییەکان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆلێرا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەی تووشبووانی کۆلێرا بەخۆیەوە دەبینێت، تەنها لە دوو هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٧٠ کەیسی گومانلێکراو تۆمارکراون، ئەمەش گوزارشتە لە بەرزبوونەوەی نیگەرانکەری ڕێژەی تووشبوون.
بەرپرسی ڕاگەیاندن لە فەرمانگەی تەندروستی تەعز لە پۆستێکی پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، کۆی ژمارەی گومانلێکراوانی تووشبوون بە سکچوونی ئاوی توند و کۆلێرا لە نێوان ١ی کانوونی دووەم تا ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ گەیشتووەتە هەزار و ٧٣٤ کیسی نوێی تووشبوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ژمارەی گومانلێکراوەکانی تووشبوون بە کۆلێرا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، لە ١ی حوزەیران هەزار و ٢٦٠ کەیسەوە بۆ هەزار و ٧٣٤ کەیس تا ناوەڕاستی مانگی حوزەیران، کە ٤٧٤ کەیس زیادیکردووە، ژمارەی توشبوان لە تەنها ٢٩ کەیسەوە بۆ ١١٦ کەیس زیادیکردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو هەفتەدا ٨٧ کەیسی دیکەی پشتڕاستکراوە تۆمارکراون.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ژمارەی گیانلەدەستدانیش لە سێ کەسەوە بۆ پێنج کەس زیادی کردووە، واتە لە هەمان ماوەدا دوو مردنی نوێ تۆمارکراوە، پێوەرە پەتازانییەکانی ئێستا ئاماژەن بۆ بڵاوبوونەوەی خێرای پەتاکە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، کە ئاماژەیە بۆ شەپۆلێکی نوێی کۆلێرا لە پارێزگاکەدا.
داواشی لە دانیشتووانی شارەکە کرد بە توندی پابەندبن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی، لەوانەش پاکوخاوێنی کەسی و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو لە پیسبوون، بۆ ئەوەی دووربن لە تووشبوون و گیانلەدەستدانی زیاتر، خۆپاراستن بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتییە کە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە لە نێوان دانیشتووان و دەسەڵاتدارانی تەندروستی بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و کۆنتڕۆڵکردنی شەپۆلێکی ئەگەری پێش ئەوەی دۆخەکە خراپتر بێت.