٩٥ ڕێکخراوی مەدەنی لە جنێڤ یاساکانی تاڵیبانیان شەرمەزار کرد

٩٥ ڕێکخراوی مەدەنی و نێودەوڵەتی لە جنێڤ یاساکانی تاڵیبانیان شەرمەزار کرد و هۆشدارییان دا لەوەی کە ئەو یاسایە شەرعیەت دەدات بە چەوساندنەوەی ژنان.

٩٥ ڕێکخراوی مەدەنی لە جنێڤ یاساکانی تاڵیبانیان شەرمەزار کرد

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ ٦١یەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، ٨٢ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەفغانستان و ١٣ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد یاسا تاوانکارییەکانی دادگاکانی تاڵیبان شەرمەزار بکات.

 

ئەم ڕێکخراوانە لەوان ڕێکخراوی مافی مرۆڤ “لێبوردەیی” جەختیان لەوەکردەوە کە ئەم یاسایە لە کاتێکدا دەرچووە کە ژنان و منداڵانی کچ لە خوێندن و دامەزراندن و ئازادی هاتوچۆ و بەشداری کۆمەڵایەتی بێبەش کراون و لە کاتێکدا هەر ناڕەزایەتییەک سەرکوت دەکرا. بە وتەی واژۆکاران، شەرعیەتدان بە جاڕنامەیەکی لەو شێوەیە، سنووردارکردن و توندوتیژی دژی ژنان چەسپاندووە.

 

هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە بەردەوامی دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان و فشار لەسەر چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافی ژنان دوای گەڕانەوەی تاڵیبان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ کرا.

 

یاسای سزادانی تاڵیبان کە لە سێ بەشی و دە بەش و ١١٩ مادە پێکهاتووە، دوای واژۆکردنی لەلایەن سەرۆکی بزووتنەوەکە، ڕەوانەی دادگای پارێزگاکان و دامودەزگاکانی دادوەری کرا، لێدانی منداڵ و ژنان بە تاوان نازانێت، بەڵکو ڕێگە بە کۆیلایەتی دەدات.

 

سەرەڕای ئەو سنووردارکردنە بەرفراوانەی کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لەلایەن تاڵیبانەوە بەسەر ژناندا سەپێندراوە، ئەم یاسایانە نیگەرانییەکانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی توندوتیژی و سنووردارکردنی ژنان دروستکردووە.

 

وەزارەتی دادی تاڵیبان هۆشداری دەدات لەوەی هەر ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە پەیڕەوی ناوخۆی بزووتنەوەکە "تاوان"ە، هەروەها خۆپیشاندەران ڕەوانەی دامودەزگاکانی دادوەری دەکرێن.