ئەردۆغان ژن وەک ئامێری خستنەوەی منداڵ سەیردەکات

لە گرتە ڤیدیۆییەکدا کە تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ پەرلەمانتارێک و هاوژینەکەیدا گفتۆگۆ دەکەن، ئەردۆغان ڕەخنەیان دەکات لەوەی منداڵی زۆریان نییە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ژن تەنها وەک ئامێرێکی منداڵ دروست کردن دەبیندرێت.

سلێمانی

 

گۆشکردن و بەگوێدا خوێندنی بەردەوامی دایکایەتی و منداڵ خستنەوە، ئامانجێکە بۆ ئەوەی ژن تەنها وەک ئامێرێک و کەرەستەیەک بۆ منداڵ خستنەوە و بەخێوکردن و کاری ناوماڵ ببیندرێت، ئەمەش ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سیاسەتی ڕژێمەکان و ئەو دەوڵەتانەیە کە لەلایەن پیاوانی نەتەوەپەرستەوە بەڕێوەدەبرێن، بەجۆرێک دەیانەوێت ژن هەمیشە کۆیلە و پلە دوو بێت.

 

ژن لە کۆمەڵگە دوور دەخەنەوە

تا ڕێگە بە ژن بدرێت جگە لە ماڵ و منداڵ و دایکایەتی خۆی بسەلمێنێت، زیاتر کۆمەڵگە پێشدەکەوێت و ژنێکی چاو کراوە و بوێر دێتە بوون، بەڵام ئەمە ویستی دەوڵەتێک نییە کە بەردەوام کاری سەرکوتکاری و هێرش و پەلاماربێت، چونکە ترسی هەیە لەوەی ژن بە ئاگابێتەوە، هەربۆیە دەیەوێت ژن لە ماڵەوە و سەرقاڵی منداڵ خستنەوە بێت، هەمیشە هەوڵدراوە ژن و کۆمەڵگە دابڕاو لە یەکتر بن، چونکە دەزانن کە ژنی هۆشیار کۆمەڵگەیەکی هۆشیار دروستدەکات، کۆمەڵگەی هۆشیاریش ژێردەستەیی و زوڵم قبوڵ ناکات و لەبەردەم هەر نادادییەک دەنگی دەبێت.

 

قەدەغەکردنی لەباربردن بۆ چەوساندنەوەی ژنان

دەوڵەتانی فاشیست و کۆنەپەرستان کە بەردەوام ژن دەچەوسێننەوە، لە ڕێگەی قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵەوە هێرش دەکەنە سەر ژنان، ئەمەش وایکردووە کە ژنان ناچار بن بەوەی منداڵێک کە بە خواست و ڕەزامەندی خۆیان نەبێت بیهێننە ژیانەوە، هەروەها بۆ لەبەربردنیشی کە نهێنی ئەنجامی دەدەن، چەندین زەحمەتی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و زۆربەی کات ناچارن لە دەرەوەی شارو وڵاتی خۆیان ئەمە ئەنجامبدەن، لە هەردوو بارەکەدا ژنان کراونەتە کۆیلەی بڕیارەکانی پیاوانی دەوڵەتانی فاشیست، کۆنەپەرست و ئایینی.

 

ئەردۆغان ژن وەک ئامێری منداڵ دروست کردن دەبینێت

ڕۆژی ١٩ی تشرینی یەکەم لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی مەحمەت عەلی چەلەبی، پەرلەمانتاری پێشووی جەهەپە، وەک پەرلەمانتاری نوێی ئاکەپە، تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکەپە و کۆماری تورکیا گفتوگۆی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە و هاوژینەکەی کرد و پرسیاری ئەوەی لێکردن کە چەند منداڵیان هەیە؟ دوای وەڵامدانەوەیان ئەردۆغان ڕەخنەی لەو دوو هاوژینە گرت کە ژمارەی منداڵەکانیان کەمە و پێی وتن، پێویستە ١٠ بۆ ١٢ منداڵیان ببێت، ئەمەش کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەووە.

 

ئەم بۆچوونەوەی ئەردۆغان دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو و پیاوانی دەوڵەت، ژن تەنها وەک ئامێرێک دەبینێت و پێیوایە دەبێت ژن منداڵی زۆر بخاتەوە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو بانگەشانەیە کە بەردەوام دەیکات و دەیڵێتەوە کە گوایە ژن لە وڵاتەکەیدا ئازادە و مافی ژیان کردن و بڕیاردان لە منداڵ بوون و نەبوون بەدەست خۆیەتی، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤێدیۆییە و بڕیاردان لەسەر ژیانی خێزانێک کە چەند منداڵیان هەبێت، ڕووە ڕاستەقینەکەی ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی پیشان دەدات، کە چۆن دەچنە ناو ژیانی تاک بە تاک و خێزانی ئەو وڵاتەوە.