ژنانی ئەفغانی: کوشتنی ژینا جارێکی تر ڕووی ڕاستی مەلاکانی پیشاندا

چالاکوانانی ژنانی ئەفغانی، تیشکیان خستەسەر کۆمەڵکوژییەکەی ژینا ئەمینی و ئاماژەیان بەوەدا کە ئەمە یەکەم تاوانی ڕژێمی مەلاکان نییە و دواهەمینیش نابێت، هەروەها تیشکیان خستەسەر ئازارە هاوبەشەکانی ژنان لە ئێران و ئەفغانستان.

بەهاران لەهیب

 

کابول – کوشتنی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و زۆرێک لە ژنانی ئەفغانستانیش ئیدانەی ئەو کوشتنەیان کرد، دوو ژنی چالاکوانی ئەفغانی بۆچوونی خۆیان لەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی-مەهسا بۆ نوژنها خستەڕوو.

 

"ژینا ئەمینی لەلایەن مەلاکانی ئێرانەوە کوژرا"

ئازادە جۆیا یەکێکە لە ژنە چالاکوانەکانی مەدەنی لە ئەفغانستان سەبارەت بە کوشتنی ژینا ئەمینی وتی: "ژنانی ئێران ژنی زۆر پێشکەوتوون، بەڵام بەداخەوە مەلا دەسەڵاتدارەکان کۆمەڵگە دەکشێننەوە دواوە، دەست دەکەن بە توندوتیژی و چەوساندنەوە، کوشتنی ژینا جارێکی تر ڕووی ڕاستەقینەی ئەو مەلایانەی ئاشکرا کرد، ئەمە یەکەم جار نییە کە تاوانێکی لەو شێوەیە ئەنجام دەدەن، مەلاکان هەمیشە چالاکوانانی ژنانی ئێران و ژنانی تێکۆشەری ئێرانیان سەرکوت و زیندانی کردووە".

 

"وەک ژنێکی ئەفغانی لە ئازارەکانی گەلانی ئێران تێدەگەم، چونکە مەلاکان لە ڕووی فکر و نمایشەوە جیاواز نابینم، ئازارەکانمان هاوبەشە و پێویستە پێکەوە بین، پشتیوانی لە جموجوڵەکانی ئەمڕۆی سەرتاسەری ئێران دەکەم و زۆر غەمبارم  کە ئێمە لەگەڵتان نین".

 

ئازادە ئاماژەی بەوەشکرد کە ژینا تەنها یەکێک بوو لەو هەزاران ژنەی بە دەستی مەلاکان کوژراوە و وتی: ژینا وەک هەزاران ژنی دیکە بە دەستی مەلاکانی ئێران کوژرا، خوشک و هاوڕێیانی ئێران دەنگتان بەرز بکەنەوە و سەرهەڵدان بەردەوام بکەن.

 

"ئەمە یەکەم تاوانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران نییە"

شاملا سارابی، چالاکوانێکی دیکەی ژنانە، سەبارەت بە کوشتنی ژینا ئەمینی وتی: "کاتێک گوێم لە کوشتنی ژینا بوو، ئازار بە دڵم گەیشت، چونکە لە ماوەی دوو کاتژمێردا گرتن و ئەشکەنجەدان و کوشتنیمان بینی، نەک تەنها گەلی ئیران، گەلی ئەفغانستان و جیهانیشی هەژاند، لە لایەکی دیکەوە جارێکی تر ڕووی ڕاستەقینەی ڕژێمی ئاخوندی ئێرانی دەرخست".

 

شاملا سارابی ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە یەکەم تاوانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران نییە و دواهەمینیش نابێت و ئاماژەی بە پێویستی پشتیوانی ژنان لە جیهاندا کرد و وتی: "زۆر گرنگە پشتیوانی ژنان دروست بکرێت بۆ ئەوەی لە هەموو شوێنێکی جیهان پێکەوە خەبات بکەین، حکومەتەکانی وەک ئێران و ئەفغانستان جگە لە بێبەشکردنیان لە مافەکانی مرۆڤ ژنان دەکوژن، وەک ڕژێمی ئیسلامی ئێران ئیمەش حکومەتی ئەفغانستانمان هەیە کە سواری پشتی گەل و ژنان دەبێت و تاوانی سیاسی ئەنجامدەدەن، مافی ژنان زەوت دەکەن، بەڵام ئێمە بێدەنگ نابین و لە هەر شوێنێک بین پشتیوانی لە هاوڕێ ئێرانییەکانمان دەکەین".

 

شاملا سارابی لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ژنانی ئێران وتی: "بە خوشکە ئێرانییەکانم دەڵێم کە نابێت بێئومێد بین، دەبێت بۆ داهاتوویەکی باشتر تێبکۆشین، ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان تا ئایندەی ئێران بەبێ ڕژێمی ئیسلامی و ئەفغانستان بەبێ تاڵیبان دەبێت، کوشتنی ژینا لە ئێران لەکەیەکە کە هەرگیز لەبیر ناکرێت".