هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسووتاندنی ژنان

بەهار مونزیر- چالاکوان

هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسووتاندنی ژنان

دیاردەی "ژن کوشتن و خۆسووتاندن" برینێکی قووڵی جەستەی کۆمەڵگەیە کە تەنها باسی ڕووداوێکی تاکەکەسی ناکات، بەڵکو پێویستی بە هەڵوێستێکی جددی و مەیدانی هەیە. لەم پێناوەدا، "تۆڕی ٨ مارس" بە هەڵمەتێکی سەراسەری و فرەلایەن، کەمپینەکەی لە دروشمەوە گواستەوە بۆ کارێکی مەیدانی و جەماوەری.

 

بۆ قسەکردن لەسەر ئامانجەکان، میکانیزمەکانی کارکردن لە نەخۆشخانەکانی سووتاوییەوە تاوەکو سەکۆکانی هۆشیاری، و پلانەکانی داهاتوو، (ڕێگای کوردستان) ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ خاتوو بەهار مونزیر، بەڕێوەبەری تۆڕەکە ساز دەکات.

 

ئامانجەکانی هەڵمەتی ژن کوشتن و خۆسووتاندن چۆن دەستی پێکرد و بە چ میکانیزمێک توانیتان ئەم پرۆژەیە شۆڕبکەنەوە بۆ ناو جەماوەر لە هەموو یێن و توێژەکانی کۆمەڵگە؟ ئایالە داهاتوودا هیچ لێتۆژینەوەیەک دەکەن لەسەر ئەنجامەکانی ئەم هەڵمەتە؟

هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسووتاندن لە ٩/٩ـەوە دەستی پێکردووە، سەرەتا وەکوو کەمپینێک یان هەڵمەتێکی میدیایی لە سۆشیاڵ میدیا دەستی پێکرد بە پێدانی هۆشیاریی دەروونی، یاسایی، کۆمەڵایەتی وبڵاوکردنەوەی وتار و گفتوگۆ لەسەر بابەتی کوشتن چۆنێتیی وەستانەوە بەرامبەر بە کوشتن و خۆسووتاندن، سەردانیکردنی دەزگەکانی ڕاگەیاندن، بۆ نموونە نەخۆشخانەی سووتاوی و چەندین جێگەی تر.

 

لە سەرەتاوە وەکوو تۆڕی ٨ی مارس ئەم هەڵمەتە ڕاگەیەندرا، دوای ئەوە هاوپەیمانیی ژنانی کوردستان پێوەی پەیوەست بوو، ئێستا هەڵمەتەکە دەتوانین بڵێین هەڵمەتێکی گەورەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و کەرکووک، لە شاروشارۆچکەکاندا نوێنەرایەتیی دەکرێت، و بۆ ئێمە ئەمە کارێکی گرنگە و ده‌مانه‌وێت دەوێت هەڵمەتێکی درێژخایەن بێت، نەک هەر ئەوەی لە چوارچێوەی دوو هەفتە یان سێ هەفتەیەکدا کۆتایی پێ بهێنین، بەڵکوو دەمانه‌وێت کاریگەری دروست بکات کە گرنگیی زیاتر بدرێت بە کوشتنەکانی ژنان، هیچ پاساوێک نەهێنرێتەوە بۆ تاوانەکانی کوشتنی ژنان.

خۆسووتاندن هۆشیاریی لەسەر بدرێت و بتوانین هۆکارێک بین بۆ کەمکردنەوەی کوشتن و خۆسووتاندن لە هەرێمی کوردستان، بتوانین فشار لەسەر دەسەڵات دروست بکەین، بۆیە ئەم هەڵمەتە دەتوانێت ڕۆڵ وکاریگەریی هەبێت لە ناوخۆی کوردستان و لە دەرەوەی کوردستانیش.

 

لە دەرەوەی کوردستانیش ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان کارنامەیەکی هەیە کە کاری لەسەر دەکات، ئەوەیە لە شار و شارۆچکەکانی ئەورووپا، هەر نوێنەرایەتییەک بکرێت بتوانن لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی ژنان لە وڵاتانەوە و بتوانن فشارێک لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دروست بکەن، لە شانزە ڕۆژەی دژە توندوتیژی، هەڵمەتەکە دیارە لەو کاتەشدا کۆکردنەوەی واژۆی ئەبێ، و پرێس کۆنفرانسی ئەبێ، چالاکیی مەیدانی ئەبێ، چالاکیی هونەری ئەبێت، ئەمانە هەموو ئەو ئیشانەن کە لەناو کارنامەی هەڵمەتەکەدا دانراوە.

 

ئەم هەڵمەتە تا ئێستا نزیک دەبێتەوە لە ٥٠ڕێکخراو وداکۆکیکار و کەسانی یاسایی و ئەکادیمی کە کاری تیا دەکەن، کەسە ئەکادیمییەکانمان لە ئێستادا سەرقاڵی توێژینەوەیەکی زانستین؛ ئەو توێژینەوە زانستییانەی کە گرنگیی پێ نەدراوە لەسەر پرسەکانی ژنان و هیچ کەسێک پێی نازانێ، بۆیە ئەمانەوێت لەناو زانکۆکانەوە بێتە ناو کۆمەڵگە و توێژینەوە زانستییەکان ببێتە پاشخانێک بۆ کارکردنی ئێمە، تا لە دۆزینەوەی ناو ئەو لێکۆڵینەوە گرنگانەی کە کراوە بتوانین کاری لەسەر بکەین.

 

لەو کۆمەڵگەیانەی کە تیایدا دەسەڵاتی دادوەری بێدەنگە، چەمکی کۆنەخوازی بە ناوی ئایین و ڕەوشتەوە پێگەی ژن دەشکێنێت، و پرسی پاراستنی کەرامەت دەبێتە قوربانیی پەرتبوونی سیاسی؛ چۆن دەکرێت لە ڕێگەی کارکردنی هاوبەشی میدیایی، مەدەنی و یاساییەوە کۆتایی بەو توندوتیژییە سیستەماتیکە بهێنرێت کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە؟

هەر کەسێک پێیوایە ئەمە کارەساتێکی گەورەیە لە کوردستان، کەسەکان، ژنەکان، ئەم کچ و ژنانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا لەسەر بابەتێکی زۆر ئاسایش جاری وا هەیە گیانیان بەخت ئەکەن و ئەکوژرێن، بە ڕاستیش دۆسیەکانیان جاری وا هەیە لەناو دادگاکانیشدا لەبەر ژن بوون بە باشی کاری لەسەر ناکرێت، بەڕای لێکۆڵینەوە لە هەندێ دۆسێدا ونکراوە، ئەمانە هەموو ئەو کەیسانەیە، واتە ئەو بابەتانەیە کە هەڵمەتەکە چاوی ئەخاتە سەری و ئەیەوێت کاری زیاتری لەسەر بکات لە ڕووی جیاواز و لە ڕێگای جیاوازەوە، وه‌ك لایەنی یاسایی، لایەنی کۆمەڵایەتی، و میدیاش ئەوە یەکێکی ترە لەو کارە گرنگانەی کە هەڵمەتەکە زۆر گرنگیی پێداوە.

 

ئەم هەڵومەرجە، ئەم کەشەی کە ئێستا کوردستان تیایدایە، کۆنەخوازی بەڕاستی دەستی ، کاریگەریی هەیە لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان، کۆمەڵگەی کوردستان خاڵی نییە لەو کاریگەرییە زۆرانەی کە دیدێکی کۆنەخواز بەڕێوەی ده‌بات، لە چەندین دۆسێیا ئێمە ئەمەمان زانیوە، کۆمەڵێک بانگخواز کە بەڕاستی کار لەسەر ئەوە ئەکەن کە لەبەرامبەر پرسە مەدەنییەکاندا بووەستنەوە، بەتایبەتیش بۆ ئەوان پرسی ژنان پرسێکی گرنگە بەڕاستی کە خۆتان ئەزانن، لە چەندین ساڵە کار لەسەر ئەوە ئەکرێت.

 

بۆیە بەڕاستی لەم کاته‌دا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بە بڕوای من، گرنگیدانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیدی توندڕەوی و ئەو دیدەی کە ئێمە رووبەڕووی ئەوەستینەوە وەکو کۆنەخوازی و وەستانەوە لەبەرامبەر پرسەکانی ژنانە، کە پرسێکی مەدەنی کۆمەڵگەیە و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە پرسی سیاسی و ئابووری و کلتووری و هەموو ئەوانەوە هەیە، هۆکارێکی تری ئەوەی کە توندوتیژی بۆ لەم ئاستەیە، بە بڕوای من گرنگی نەدانی حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانە، نەبوونی سەقامگیرییەکی سیاسی کە گرنگی نادات بە پرسەکانی کۆمەڵگە، چونکە بەڕاستی ئەمە پرسی هەموو کۆمەڵگەیە نەک پرسی ڕێکخراو و خێزانێک نییە، بۆیە ئەمانە هەموو ئەو هۆکارانەن کە ئەتوانێت درێژە بەو توندوتیژییانە بدات کە لە هەرێمی کوردستان هەیە.

 

پرسیار : نیشانەکان چین کە دەتوانن مەترسیی توندوتیژی زوو پیشان بدەن؟ کێشە سەرەکییەکانی بەردەم داوای یارمەتیکردنی ژنان چین؟ خێزان، خوێندنگە، دامەزراوەی تەندروستی، میدیا و یاسا، چ ڕۆڵێکیان هەیە؟

من پێم وایە خزمەتگوزاری پاراستن بۆ دۆسێکانی ژنان، بۆ خێزان بەڕاستی لە هەرێمی کوردستاندا لە ئاستێکی زۆر زۆر لاوازدایە، بۆیە ئێستا ئەوه‌ ئێمە هەموومان ئەزانین کە کوشتنەکان و مەسەلەی توندوتیژی و خۆسووتاندن زیادی کردووە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی کۆتایدا، بەرەو پاشەکشە چووە بەتایبەتی لەلایەنی حکوومەتەوە، ئەوە یەکێکە لەو کێشانەی کە ئەگەر کەسانێکی دڵسۆزیش هەبووبێت، ئێستا زۆر زۆر لاواز بووە و لەژێر فشارایە، ئەو خزمەتگوزارییانەی کە جاران زیاتر گرنگیی پێ ئەدرا، من پێم وانییە هیچ کاتێک و لە هیچ زەمەن و مێژوویەکی هەرێمی کوردستاندا ئەم پرسە زۆر زۆر گرنگیی پێ درابێت و تیشک خرابێتە سەری، هەوڵ هەبووە لەلایەن کەسانێکەوە کە تا لەناو حکوومەتدا بوون، لەناو پەرلەماندا بوون، بەڵام هەوڵەکان دلخۆشكه‌رنین.

 

من پێموایە ڕزگاربووانی توندوتیژی زۆر زۆر گرنگە گرنگییان پێ بدرێت؛ بە شێوەیەکی گونجاو وبە شێوەیەکی شیاو کە ببێتە هۆکاری ئەوەی کە کەسانێکی تر سوود لەوە ببینن ئەگەر خۆی بتوانێت ئازادانە باس لە ڕزگاربوونی بکات لە توندوتیژییەکان، نەک بەو جۆرەی کە جارێکی تر ببێتەوە بە کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی.

 

بینیمان جاری وا هەیە ڕزگاربووانی ژێر دەستی توندوتیژی جارێکی تر دەبنەوە، جاری دووەم دەبنەوە بە قوربانی؛ یانی لەدوای ئەوەی کە دەرکەوتوون یان ئەوەی کە گفتوگۆیان کردووە، بۆیە دەبێت زۆر زۆر پڕۆفیشناڵانە کار لەسەری بکرێت و دەبێت بەرنامەی بۆ دابنرێت، پلان بکرێت بتوانن لەسەر ستانداردە جیهانییەکان ڕاگەیاندنکارەکانی ئێرە کار بکەن.

 

یەکێک لەو جێگایانە بۆ نموونە با بڵێین ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییە کە باس لەوە دەکات چۆن لایەنی دەروونیی دۆسیەکە گرنگیی پێ بدرێت، لە چ کاتێکدا دەتوانێت بۆ نموونە  ئەو دۆسیەیە بگەیەنێت و گفتوگۆ بکات لەگەڵ میدیاکان. من پێموایە دەبێت ستانداردی جیهانی کاری لەسەر بکرێت و بە وریاییەوە ڕاگەیاندنکارەکان لەسەر دۆسیەکانی ژنان گفتوگۆ بکەن، و بەتایبەتیش لەگەڵ رزگاربووانی توندوتیژی