دیوارەیەک کە بەرخۆدانی ژنانی ئەفغانی نیشان دەدات
لە تاریکی کابول کە دیوارەکان دەنگی ژنان بێدەنگ دەکەن، کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە دەست لەرزۆک و دڵێکی پڕ لە بوێریەوە وێنەی بەرخۆدانی لەسەر یەکێک لە دیوارەکانی شارەکە نەخشاند...

بەهاران لەهیب
کابول - لە کۆندا ئەفغانستان شوێنی کۆبوونەوەی شارستانییەتە گەورەکانی وەک یۆنان، هیندستان، چین و ئێران بووە. لەم ماوەیەدا کارە هونەرییەکانی بودایی لە بامیان و تابلۆی دیواری ئەشکەوتەکانی بامیان کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ٥ تا ٩ی زایینی، بە نموونەی بەرچاوی نیگارکێشی ئایینی بودایی دادەنرێت. ئەم تابلۆیانە ڕەنگی کانزایی سروشتی و شێوازێکی هیندۆسی-یۆنانی بەکاردەهێنن. دوای فەتحەکانی ئەسکەندەری مەزن و باڵادەستی کوشانەکان، تێکەڵەیەک لە هونەری یۆنانی و ڕۆژهەڵاتی لە تابلۆکاندا دەبینرێت.
لەگەڵ هاتنی ئیسلام بۆ ئەفغانستان لە سەدەی حەوتەمی زایینی، هونەری بینراو بەهۆی بیروباوەڕی ئایینی سنووردار بوو. بەڵام هونەری مینیاتور و نیگارکێشان لە سەردەمی غەزنەوی و غۆری و تیمورید و سەفەویدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. شاری هێرات بوو بە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی هونەری بچووک لە سەردەمی تەیموریدا. لە سەردەمی مۆدێرن (سەدەی نۆزدە و بیستەم)دا، لەگەڵ سەرهەڵدانی دەسەڵاتی شا ئامانوڵاخان و دەستپێکردنی پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن، هونەرە بینراوەکان جارێکی دیکە گەشەیان کرد و قوتابخانەی هونەری دامەزران، لەوانە قوتابخانەی هونەرە جوانەکان لە کابول.
لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕەکان و لەشکرکێشی بۆ سەر ئەفغانستان لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتی پێشووەوە (١٣٥٧-١٣٧١)، هونەرمەندان وەک هاووڵاتیانی دیکەی ئەفغانستان ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ وڵاتانی جیاواز. لە شەڕە ناوخۆیەکاندا، تێزگامەکان (١٣٧١-١٣٧٥) شوێنەوارە مێژووییەکانیان تاڵان کردووە، پاشماوەکانیان لە قۆناغی یەکەمی دەسەڵاتی تاڵیبان (١٣٥٧-١٣٨١)دا وێران و ڕووخێنراون.
هەروەها ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان لە بواری نیگارکێشیدا هەبووە. بەداخەوە بەهۆی سیستمی پیاوسالاری و بیری ئایینی بناژۆخواز، زۆرێک لە ناوەکانیان لە مێژوودا تۆمار نەکراوە. سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، ژمارەیەک هونەرمەندی ژن لە بواری نیگارکێشی و هونەری دیکەدا کاریان کردووە و ناوبانگیان بەدەستهێناوە.
لە نێو ئەو هونەرمەندانەدا دەتوانین ئاماژە بە شەهرزاد ئاریوبی بکەین کە بە وردی ساڵی لەدایکبوونی نادیارە (پێدەچێت لە حەفتاکان یان هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەدایک بووبێت). لە بواری نیگارکێشی مۆدێرن و بەرهەمی ئەبستراکت و فیگۆریتیڤدا کاردەکات و کارەکانیشی بە تێکەڵەیەک لە نەریت و ناسنامەی ژن و مۆدێرنیتە تایبەتمەندن.
مانیجە شەفیق لەدایکبووی ساڵانی حەفتاکان یان هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، لە بەرهەمەکانیدا تیشک دەخاتە سەر بابەتەکانی وەک ئازار و بێدەنگی و خۆڕاگری ژنانی ئەفغانستان.
لەیلا ئەمیری لەدایکبووی ساڵانی نەوەدەکان، تابلۆی مۆدێرن دروست دەکات کە لە کۆچ و شەڕ و تەحەددیاتی ژنان و منداڵانی پەنابەری ئەفغانستان ئیلهام وەرگیراوە.
شایانی باسە کە چەندین هونەرمەندی ژنی نەناسراویش هەن کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە هونەری نیگارکێشیدا هەبووە. لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان، زۆربەی چالاکییەکان بۆ ژنان وەستان و نیگارکێشان بووە یەکێک لەو چالاکییە کەمانەی کە ژنان و کچانی ئەفغانستان بە نهێنی بەردەوامن لە ئەنجامدانی.
لە بیست ساڵی ڕابردوودا دیوارەکێشان بووەتە فۆرمێکی باوی هونەر لە ئەفغانستان، هەندێکیان پەیامی گرنگیان بۆ خەڵک و بەتایبەت ژنان هەیە. بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان زۆربەی ئەو بەرهەمانە سڕدرانەوە و تاکە دروشمێک کە ئەمڕۆ لە شارەکەدا دەبینرێت پەیوەندی بە جلوبەرگی ژنانەوە هەیە.
هاوکات لە گۆشەیەکی شاری کابول، سەیما ڕەزا کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ کە لە کاتی هاتنە سەرکاری تاڵیبان لە خوێندن بێبەش بوو، وێنەیەکی لەسەر دیواری قوتابخانەیەک کێشاوە.
ئەو دەڵێت: "لە سەردەمی دەسەڵاتی تاڵیباندا، وەک ملیۆنان کچی ئەفغانی، منیش لە خوێندن بێبەش بووم. گروپەکانی ژنان ناڕەزایەتیان دەربڕی؛ هەرچەندە سەرکوت کران، بەڵام تا ئەمڕۆش بەردەوامن لە شەڕکردن. بە ئیلهام لە خەباتەکانیان، هەروەها ویستم ڕۆڵێک بگێڕم لە بەرزکردنەوەی دەنگی ژنانی ئەفغانی. ئەو وێنەیەم لەسەر دیواری قوتابخانەیەک کێشا کە لە مێشکمدا بوو".
ئەو سەبارەت بە چۆنیەتی دروستکردنی کارەکە دەڵێت: "قوتابخانەکە دەکەوێتە نزیک خاڵێکی پشکنینی تاڵیبان. "من بەپەلە بۆیاغم کردووە، بە شێوەیەک کە ئەوان هەستیان پێنەکەن، لە شەوێکی تاریکدا. دەمزانی لەوانەیە دەستگیر بکرێم، بەڵام کاتێک گوێم لە خەباتی ژنان و ژنانی ئەفغانی لە ناوچەکانی دیکەی جیهان بیست و خوێندەوە، بە خۆمم گوت کە منیش دەبێت بەشدارییەک بکەم، تەنانەت ئەگەر بچووکیش بێت.
ئەو دەشڵێت: "نزیکەی دوو کاتژمێری پێچوو و پێشوەختە هەموو کەرەستەکانم لە ماڵەوە ئامادە کردبوو، شەوێکی زستانە بوو و تاڵیبانەکان لە ژوورەکانیان نەدەهاتنە دەرەوە، هەر بۆیە توانیم بەبێ هیچ سەرکوتکردنێک کارەکانم تەواو بکەم، ئەوەی تێگەیشتم ئەوە بوو کە تابلۆکەم تەمەنی نزیکەی حەوت هەشت مانگە، پێموایە تاڵیبانەکان لە مانای ئەو تابلۆیە تێنەگەیشتوون یان کاتیان نەبووە بیسڕنەوە. سەرکەوتوو بووم و پلانم هەیە بەردەوام بم لەم ڕێگایە”.