"ژنان بە یاساییانە شۆفێری دەکەن"

هەرچەندە ژنان بە پێی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ شۆفێری دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی قسەی شۆفێرانی پیاو دەبنەوە بەوەی کە ناتوانن شۆفێری باش بکەن، گێچەڵیان پێدەکرێ، ژنان لەم هەڵسوکەوتە بێزارن و داوا دەکەن بە ئەقڵی پیاو کۆمەڵگا بەڕێوەنەچێت.

 

شنیار بایز

سلێمانی- لە ساڵانی ڕابردوو کۆمەڵگە ڕێگەی نەدەدا ژنان شۆفێری بکەن خێزانەکان لە بەر قسەی خەڵکی و تەماشاکردنی ژنەکان بە لاواز ڕێگرییان لێدەکردن و پێیان دەوتن ئێوە بێتوانان، بەڵام ژنان بێ گوێدانە ئەو قسانە بەردەوام بوون لەو ویستەی هەیانە و ئێستا لەسەر شەقامەکان ژنانێکی زۆر شۆفێر دەبینرێن.

بەڵام ئەمە نەبووەتە ڕێگر لە توانجی پیاوان بە تایبەت لە سەرشەقامەکان، زۆرێک لە پیاوان بە هۆڕن و قسەی نەشیاو بەلای ژنانی شۆفێردا تێدەپەڕن تەنها لەبەر ئەوەی ژنێک شۆفێری دەکات و تەواو پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆیە.

بە پێی ئەو ئامارانەی کە هەن بە تەنها لە ماوەی ٧ مانگی ساڵی ٢٠٢١، ٥٢٨ هەزار ٥١٣ هاوڵاتی پیاو و  ٨٨ هەزارو ٢٦٧ ژن مۆڵەتی شۆفێریان دەرکردووە، هەروەها لەوماوەیەدا ٧٣٢ ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویداوە کە بەهۆیەوە ٢١٨٧ برینداری لێکەوتووەتەوە کە ١٧٠٩پیاو و ٤٧٨ ژن بوون، هەروەها ١١٩ گیانلەدەستدانی لێکەوتووەتەوە ٩٨ پیاو و ٢١ ژن بوون، ئەم ئامارانە دەیسەلمێنێ پیاوان بە بەراورد بە ژنان زیاتر ڕووبەڕووی ڕوداوەکانی هاتوچۆ دەبنەوە.

دوای ئەوەی مایکی ژنها شۆفێرانی ژن دەدوێنێت دەردەکەوێت هێشتا کۆمەڵگا ماویەتی بۆ ئەوەی بگات بەو ئەقڵیەتەی ژن وەک پیاو توانای هەیە و دەتوانێت سۆفێرێکی باش بێت.

 

"لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا تووشی ڕووداوی هاتووچۆ نەبووم بەڵام بەردەوام کوڕەکەم پێم دەڵێ خۆزگە دایکە شۆفێریت نەکردایە"

ئاڤان وەک هاوڵاتییەکی شاری سلێمانی و شۆفێرێک باس لەوە دەکات کە ژنان باشتر شۆفێری دەکەن بە بەراورد بە پیاوان چونکە زیاتر پابەندی ڕێنماییەکانی هاتووچۆن، وتیشی "پابەندبوونی ژنان لە پێناو پاراستنی ڕوحی هاوڵاتیاندایە، ئەو پیاوانەشی بەردەوام گێچەڵ بە ژنان دەکەن کارێکی نەشیا و هەڵە دەکەن بگرە کارێکی نا ئینسانیشە".

باسی لەوەشکرد لە کۆمەڵگا ئەگەر تەواو شۆفێرێکی باشیش بیت پیاوان ڕەخنەت لێدەگرن و پێت دەڵێن خۆزگە شۆفێریت نەکردایە، دەشڵێت: "لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا تووشی ڕووداوی هاتووچۆ نەبووم بەڵام بەردەوام کوڕەکەم پێم دەڵێ خۆزگە دایکە شۆفێریت نەکردایە، بەڵام با ئێمە گوێنەدەینێ و بەردەوام بین لەو کارەی مەبەستمانە بیسەلمێنین لە پیاوان باشتر شۆفێری دەکەین".

سومەیە جەمال، وەک ژنێکی گەنج پێی وایە زیادبوونی گێچەڵکردنی شۆفێری نەبوونی یاسایەکە، ئەو شۆفێرانەی پێ سزا بدرێت کە گێچەڵ دەکەن بە شۆفێرانی دیکە.

وتی: "ئەوەندە شۆفێری پیاوی خراپم بینیوە وام لێهاتووە شۆفێری نەکەم، نەک لەبەر ئەوەی ناتوانم بەڵکو بێزارت دەکەن".

 

"بەردەوام پیاوان لەسەر شەقەماکان هۆڕن بۆ ژنان لێدەدەن"

ئازیز ئازاد، وەک ژنێکی گەنج ڕوونیکردەوە ژنان لە هیچ کایەیەکی ژیاندا مافی تەواوەتیان پێنەدراوە، شۆفێریش بەشێکە لەوان، هەروەها پەروەردەکردنی پیاوان لەسەر ئەقڵیەتی پیاوسالاری بە هۆکاری ئەم توندوتیژییە دەزانێت و دەڵێت: "بەردەوام پیاوان لەسەر شەقەماکان هۆڕن بۆ ژنان لێدەدەن، دەبێت سزا بدرێن و یاسای توندوتیژی بەرامبەر ژنان پەیڕەو بکرێت".

 

"بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ژنان زیاتر مۆڵەتی شۆفێری دەردەکەن"

عەقید شیلان عوسمان، بەڕێوەبەری بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بە ژنهای ڕاگەیاند، بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری لە لایەن ژنانەوە زیادی کردووە، چونکە مۆڵەت بووەتە بەشێکی پێداویستییەکانی ژیان و ژنان گەیشتوون بەو ئاستەی شان بە شانی پیاو بتوانن کارەکانیان جێبەجێ بکەن.

خۆشحاڵی خۆآی دەربڕی بەوەی هەرچەندە ڕێژەکە زیادی کردووە بەڵام ڕووداوەکانی هاتووچۆ بە ڕێژەیەکی کەم هۆکارەکەی ژنانن، چونکە زیاتر پابەندن بە یاساکانی هاتوچۆ.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی "هەرچەندە من بەڕێوبەرم تەنها لەبەر ئەوەی ژنم، لەسەر شەقامەکان  گێچەڵم پێدەکرێت لەلایەن پیاوانەوە، ئەو دیاردەیە زۆر بەدی دەکرێت، تا ئێستاش پیاوان پێیان وایە ژنان توانای شۆفێری کردنیان نییە بەڵام بە پێچەوانەوەی ئەو شۆفێریەی ژنان دەیکەن یاسایی ترە، نە لەبەر ترسە نە نەزانینە".

           

"هەر کات کارمەندی هاتووچۆ ژنێک بێت دەبێت پیاوان گوێڕایەڵی بن"

عەقید شیلان باسی لەوەکرد، لەوکاتەی ژنێک بووەتە کارمەندی هاتووچۆ و لەسەر شەقامەکان لە ئەرکی کاردایە پێویستە هەم ژنان هەم پیاوان ڕێز لەو کارمەندە بگرن و گوێڕایەڵی ببن، هەندێک حاڵەت هەیە کارمەندەکە ڕووبەڕووی وتەیەکی ناخۆش یاخود هەڵوێستێکی ناشرین دەبێتەوە لەلایەن پیاوانەوە لەو کاتەدا شۆفێرەکە سزا دەدرێت.

بۆ زیاتر باشبوونی کۆمەڵگا بە ڕووی ژنان، عقید شیلان پێی باشە هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەو مەبەستەی هەموو هاوڵاتیان بزانن ئەوەی مۆڵەتی شۆفێری پێیە هەم ژن هەم پیاو بێ جیاوازین و دواجار شۆفێرن.