کامپی مەخمور، ئەو کەمپەی بە ئاوارەیش لەدەست داگیرکاری تورکیا ڕزگاری نەبووە

کامپی شەهید ڕۆستەم جودی، زیاتر لە ١٢ هەزار ئاوارەی باکوری کوردستانی تێدا نیشتەجێیە، ئەوان لە دەست زوڵم و هێرشی دەوڵەتی تورکیا ئاوارەبوون، لێرەش دەوڵەتی تورکیا و بەهاوکاری پەدەکە گوشار دەکاتە سەر کامپەکە و بەهۆیەوە چەندین کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور ئەو کەمپەی ئاوارەکانی باکوری کوردستان، کە لەدەست زوڵم و زۆرداری و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە خاکەکەیاندا ئاوارەبوون، لێی نیشتەجێبوون چەندین ساڵە لەژێر بۆردومانی دەوڵەتی تورکیادا ژیان دەکەن، گەمارۆکان لەسەری بەردەوامە و بەهۆیەوە چەندین کەس گیانیان لەدەستداوە و چەندین دایکیش منداڵەکانیان لەبارچووە بەهۆی نەبوونی پێداویستی تەندروستییەوە.

 

لە ساڵی ١٩٩٤ دانیشتوانی ناوچەی بۆتان و گوندەکانی سەر بە جولەمێرگ و شرناخی لە باکوری کوردستان ئاوارەی باشوری کوردستان بوون، بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورکیاوە بۆ سەریان ناچاربوون ٧ کامپی جیاواز بگۆڕن تا لە ساڵی ١٩٩٨دا لە بناری چیای قەرەچوخ لە شارۆچکەی مەخمور و بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆماری عێراق کامپی شەهید ڕۆستەم جودی-مەخمور دامەزرا.

ڕووبەری کامپەکە ٤.٨٤٨ کیلۆمەتر دووجایە و بە نزیکەی ١٢ هەزار و ٤٠٠ دانیشتووی هەیە، ٪٧٢شیان لە ژن و منداڵ پێکدێن، ١٩٤ دایکی کامپەکە خوێندکارن و نزیکەی ٣ هەزار و ٥٠٠ خوێندکاری دیکەی هەیە، هەروەها هەزار و ٢٠٠ لە دانیشتوانەکەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.

کامپەکە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکانە و تورکیا بۆردومانی دەکات

بە فەرمی کامپی مەخمور لەژێر چاودێری کۆمسیاری باڵای پەنابەرانی یوئێن و سەر بە حکومەتی عێراقە دایە، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆردومان دەکرێت، داعش هێرش دەکاتە سەری و پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەش گەمارۆی دەخاتە سەر، بەهۆیەشەوە چەندین کەس لە هێرشەکاندا شەهیدبوون و بەهۆی دەستنەگەشتن بە پێداویستی تەندروستی نەخۆشەکان گیانیان لەدەستداوە و دایکەکان منداڵەکانیان لەبارچووە.

لەیلا ئارزو ئایهان، ئەندامی کۆمیتەی دیبلۆماسی ژنانی کەمپی مەخمور، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ژنها ئاماژەی بە دۆخی کامپی مەخمور دا و وتی: کاتێک ئێمە هاتینە کامپی مەخمور ساڵی ١٩٩٨ هێچ شتێک لەمناوە نەبوو، نە ئاو و نە دارێک نەبوو، ناوچەکە دەشتێکی پڕ لە دووپشک و مار بوو، بە دەیان منداڵ لەو ساڵانەدا بەهۆی پێوەدانی دووپشک و مارەوە گیانیان لەدەستدا.

ئەو کەسانەی لە باکوری کوردستان لە گوند و ژیانی خۆیان ئاوارەبوون دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و سوتاندنی گوند و دەستگیرکردنی ڕۆڵەکانیان، لێرەش دوای ساڵی ١٩٩١ و ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن، ناوچەی مەخمور کەوتە سنوری فەرمانڕەوایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، وەک لەیلا دەڵێت دووبارە کامپەکە ڕووبەڕووی هێرش و بۆردومانی دەوڵەتی تورکیا بوونەوە و پەدەکەش گوشاریان دەکردە سەر خەڵکەکەی تا کامپەکە چۆڵ بکەن.

 

هەروەها وتیشی: دانیشتوانی مەخمور بە خۆڕێکخستن و بنەماکانی تێکۆشان و بەرخۆدان سیستمێکی تەندروستی، ئابوری، کشتوکاڵی، پەروەردەیی و بەڕێوەبردنیان دامەزراند و بە ستاتۆی خۆبەڕێوەبەری لە وارگەکەیان مانەوە.

بە کوشتنی میت-ێک گەمارۆ خرایەسەر کامپی مەخمور

چەندین جار پەدەکە بە فشاری دەوڵەتی تورکیا گەمارۆی خستووەتە سەر کامپی مەخمور، دواین گەمارۆ کە تا ئێستا بەردەوامە، لەدوای ١٧ی تەمموزی ٢٠١٩ەوە دێت کاتێک لە ڕێستۆرانتی هۆقەباز-ی شاری هەولێر بەرپرسێکی باڵای دەزگای هەواڵگریی میت-ی تورک کوژرا، پەدەکە گەمارۆی خستەسەر کامپی پەنابەرانی مەخمور و ڕێگا نادات هیچ پەنابەرێکی ئەو کامپە بپەڕنەوە شاری هەولێر.

لەمبارەیەوە ئەندامی کۆمیتەی دیبلۆماسی ژنانی کەمپی مەخمور ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لە ناوچەکەدا و جموجوڵی داعش کەلە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە هێرشی کردەسەر مەخمور و تا ئێستاش ناوبەناو بەردەوامە، زەحمەتی بۆ دانیشتوانی کامپەکە دروستدەکات، لەیلا وتیشی: "کامپی مەخمور پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پاریزگای هەولێر هەبوو، کامپنشینان بۆ کاکردن، تەندروستی و خوێندکاران بۆ خوێندن دەچوونە هەولێر، بەڵام بە دانانی گەمارۆ هەموو ئەمانە لە ڕاگیران، خوێندکارەکان ناتوانن بچنەوە بۆ خوێندن و بە دەیان نەخۆش بەهۆی نەگەشتن بە کەرتی تەندروستی گیانیان لەدەستدا.

گەمارۆ کاریگەری گەورەی لەسەر لایەنی ئابوری و تەندروستی کردووە، لەو ماوەیەشدا سێ دایکی دووگیان بە ناوەکانی (فاتمە حاجی حسێن، فاتمە سۆرو قوتو، زولەیخا ئەحمەد لەوەند) منداڵەکانیان لەدەستدا بەهۆی نەگەشتنیان بە نەخۆشخانەی شاری هەولێر، یەکێکیش لەو دایکانە دووجار منداڵی لەبارچووە بەهۆی نەبوونی چاودێری پزیشکییەوە، هەروەها ئەو ژنانەی بە کاکردن لەو شارە بژێوی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان دابین دەکرد، لەکار دوورخراونەتەوە.

 

ڕووداوەکانی هاتوچۆ بەهۆی داخستنی ڕێگەی هەولێرەوە ڕوودەدەن

بەهۆی گەمارۆی سەر کامپەکە، کامپنشینان ناچارن بۆ دەستکەوتنی کار و هاتوچۆ ڕێگەکانی بەرەو عێراق بەکاربهێنن، کە ڕێگەی دوورتر و مەترسیدارترن و چەندین ڕووداوی هاتوچۆ بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی کامپنشینان.

لە دوو ڕووداودا لەم ماوەیەدا، لە ڕێگەی مەخمور-بەغدا بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە چوار گەنجی کامپی مەخمور گیانیان لەدەستدا، لە ڕووداوێکی دیکەشدا لە سەر ڕێگای چەمچەماڵ-سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی دیکەی کامپی مەخمور وەرگەڕا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون کە سیانیان برینەکانیان سەختە و ئەگەری هەیە ببنە خاوەن پێداویستی تایبەت.

وەک لەیلا دەڵێت: پێش گەمارۆکە هاتوچۆکان لەڕێی هەرێمی کوردستانەوە ئاسانتر بوون و کەمتر ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویدەدا، بەڵام ئێستا بەهۆی گەمارۆوە ئێمە قوربانی زۆر دەدەین، چونکە قەیرانی دارایی هەیە و ناچارین ٧ کاتژمێر و زیاتر ڕێگە ببڕین تا دەگەینە بەغدا و شارەکانی دیکە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان، لەکاتێکدا ڕێگەی هەولێر نزیکەی کاتژمێرێکە بەڵام داخراوە.

لەیلا ئارزو ئایهان، ئاماژەی بەوەشدا چەندین ساڵە دەوڵەتی تورکیا بە ڕێگەی جیاواز هێرش دەکاتە سەر باکوری کوردستان تا تەسلیم بە دەوڵەتی تورکیا ببن، بەڵام ئیرادەی گەل بەهێزە و هیچ کاتێک زوڵم و داگیرکاری پەسەند ناکەن.

٢٨هەروەها وتیشی: ساڵیشە دانیشتوانی کامپی مەخمور گوند و ژیانیان لە باکوری کوردستان بەجێهێشتووە و لە کامپەکەدا نیشتەجێن بەهۆی ئەوەی لەسەر ئیرادە و فکری ئازاد ژیانێکی هاوبەش و تێکۆشەرانەیان بنیادناوە، دەوڵەتی تورکیا و هێزە هاوکارەکانی کە پەدەکەیە نەیانتوانی هێز و ئیرادەی مەخمورییەکان تێکبشکێنن، بۆیەش لە ڕێگەی بۆردومانکردن و گەمارۆکان بە هاوکاری پەدەکە بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر کامپی مەخمور.

دواین بۆردومانی کامپی مەخمور لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە کاتژمێر ٨:١٨ خولەکی سەرلەبەیانی ٣ی ئەیلول بوو، کە تورکیا بۆردومانی ماڵی هاوڵاتی کرد لە ناو کامپەکەدا و بەهۆیەوە زیانی زۆر بەر خانووەکە گەشت، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، لە کاتێکدا ئەمە یەکەمجارە کە ڕاستەوخۆ ماڵی هاوڵاتی بۆردومان بکرێت.

ت.پ